مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبێتە وانەبێژی قوتابیانی ماستەر لە زانکۆی وارشۆ

لەچوارچێوەی جێبەجێ کردنی ئەو ستراتیژیەتەی کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ بە نێودەوڵەتی بوون دایڕشتووە لە رێگەی بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، مامۆستایەکی زانکۆمان دەبێتە وانەبێژ بۆ قوتابیانی ماستەر لە زانکۆی وارشۆ.

پ.ی.د. ولاء جودت علی جاف مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر وەک مامۆستای وانەبێژ(ڤیزیتەر پرۆفیسەر) لە رێکەوتی 1/12/2021 تاکو 1/2/2022 لە بەشی ئابووری دارستان لە زانکۆی وارشۆ دەستبەکاربوو لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ستاف لە نێوان هەردوو زانکۆ.

شیاوی باسە لە ماوەی رابردوودا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی وارشۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد کە خۆی لە چەند بوارێکی گرنگ دەبینێتەوە وەک ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ستاف.