Monthly Archives: شوبات 2020

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەکادیمیای ئەوروپی لە ئیتاڵیا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

رۆژی ٥ـی شوباتی ٢٠٢٠ لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و نوێنەری ئەکادیمیای ئەوروپی بۆ توێژینەوە لە ئیتاڵیا د. ستێفان شنایدەباوەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژووکرد.


یاداشتەکە هەنگاوێکی گەورەی زانستییە بۆ زیاتر بەنێودەوڵەتی بوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ناساندنی بە دونیای دەرەوە و زیاتر سوودمەندبوونی توێژەران و قوتابیانی زانکۆ واژووکراوە ، کە خۆی لەم ئامانجانەدا دەبینێتەوە رەخساندنی هەلی ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و دابینکردنی پۆست دکتۆرا بۆ ستافی ئەکادیمی، هەروەها مەشق پێکردنی قوتابیانی خوێندنی باڵا لە بوارە جیایاکاندا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان.


یەکێکی دیکە لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم یاداشتنامەیە پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی هاوبەشە بۆ یەکێتی ئەوروپا بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی دارایی بۆ سێکتەرە جیاجیاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە شاندێکی زانکۆمان داهاتوودا سەردانی ئەکادیمیاکە بکات بۆ زیاتر تاووتوێ کردنی ناوەرۆکی یاداستی لێکتێگەیشتنەکە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی یو تی ئێچ ئێمی مالیزی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەرێوەدەبەن

ئەمڕۆ سێ شەممە رێککەوتی 4ـی شوباتی 2020 لە ژێر چاودێری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبدالله و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و تیشکی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حزبی و حکومی، لە هۆڵی مەڵبەندی رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، دووهەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی “گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەی هەرێمایەتی” دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێ گرتن لە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و شاندی زانکۆکانی مالیزیا و وڵاتە جیاجیاکان کرد، هەروەها دەربارەی کۆنفرانسەکە وتی: ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ کوردستان بەهۆی ئەوەی کە کوردستان فرە نەتەوە و ئایین و ئایینزایە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆ و ناساندنی بە دونیای دەرەوەیە هەروەها دروست کردنی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، هەروەها سەرۆکی زانکۆ وەکو مژدەیەک رایگەیاند کە کۆنفرانسی داهاتوو لە ساڵی ئایندە هەر لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبێت لە وڵاتی مالیزیا یاخود ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت.

دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبدالله وتەیەکی بەناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە گرنگی کۆنفرانسی لەم شێوەیە کرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنی زانکۆکانی کوردستان دا، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە تایبەت زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی رابردوو پەرەی بە پەیوەندیی توند و تۆڵی ئەکادیمی لە لەگەڵ زانکۆکانی ناوچەکە و جبهان داوە و لە رووی زانستیشەوە زۆر بەرەو پێش چووە ، بۆیە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و بەردەوامانە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبینین، هەروەها نوێنەرەکەی وەزارەت رایگەیاند کە جەنابی وەزیر لەبەر هۆکارێکی چاوەروان نەکراو نەیتوانی لەسەرەتاوە بەشدار بێت بەڵام بۆ نیوەڕۆ لە بەشی دووەم ئامادە دەبێت.

کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵی کوردستان 24 و بە سپۆنسەری گرووپی کاروانجی بەرێوە دەچێت، بە بەشداری زیاتر لە 150 توێژینەوە بە زمانی ئینگلیزی و 17 توێژینەوە بە زمانی کوردی و عەرەبی کە خۆیان لە زانستەکانی مرۆڤایەتی و کارگێری و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە.

شیاوی باسە کۆی ئەو توێژینەوانەی کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کراون لە سکۆپەس بڵاو دەکرێنەوە، هەوروەها ئەو توێژینەوانەش کە بە زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش کراون لە گۆڤارە ناوخۆییە باوەڕپێکراوەکان بڵاو دەکرێنەوە.

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

رۆژی پێنج شەممە رێککەوتی 4ـی شوباتی 2021 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د کاوە عبدالکریم شێروانی و ئەندامانی ئەنجومەن و بەبەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی زانکۆکان ئای یو سی پ.د. ئۆرهان حیکەمت ئازیزئۆغڵو ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی تایبەت بە کاروباری کارگێڕی و زانستی و قوتابیان تاوتوێ کرا، هەروەها چەند ڕێنمایی و راسپاردە و بڕیارێک درا.

زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر رێورەسمى سەرکەوتنى لە رێزبەندى نیشتمانى زانکۆکان لە هەرێمى کوردستان بەرێوەبرد

ئەمرۆ دووشەممە رێککەوتی 3ـی شوباتی 2020 بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە رێزبەندی نیشتمانی بەرێوە چوو.
سەرەتا رێورەسمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی لە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنى راوێژکاری وەزیری خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى د.ئامانج عبدالله و بەرێوبەری گشتی کارگێری و دارایی وەزارەتى خوێندنى باڵا د.خطاب احمد، راگر و میوانان و مامۆستایان و شاندی زانکۆی (یو تی ئێچ ئێم)ـی مالیزی و مامۆستایان و سەرۆکی بەشەکانی کرد.
لە میانی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ کورتە باسێکی دەربارەی مێژووی دروست بوون و دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێڕ کرد و چۆنیەتی پێشکەوتن و کارکردن بۆ بەرز کردنەوەی رانکی زانکۆ لە ماوەی ساڵانی رابردوو کرد.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا د. کاوە وتی: سەرکەوتنمان لە رێزبەندی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و رانکی جیهانی بە هەوڵ و ماندووبوونی راگر و سەرۆک بەش ومامۆستایان و ستافی زانکۆ بووە و سوپاسی هەموویان دەکەم.
دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا د. ئامانج عبدالله وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەگشتی کرد و هەروەها میکانیزمی پۆلێن کردنی زانکۆکانی روون کردەوە، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا نوێنەرەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لە سەرکەوتنەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و ووتی : زانکۆکەتان لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە و بەردەوام لە پێشکەوتنە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
دواتر د. هێمن کاکەخان عوڵا بەرێوەبەرى سەنتەرى توێژینەوە و سەرۆکى لێژنەى باڵای رانکینگ لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێرزنتەیشنێکی پێشکەش کرد تیایدا بەشێوەیەکی ورد داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە رانکینگ و کارەکانی لێژنەی خستەڕوو.
دواتر لە لایەن د. ئامانج عبدالله و د. کاوە شێروانی و د. خطاب احمدەوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی باڵای رانکینگ، و (پ.ى.د.احمد محمد ادهم) لە کۆلێژى تەکنیکى ئەندازیارى هەولێر وەک مامۆستای پێشەنگ کە پلەى یەکەمى بە دەست هێناوە لە پرۆسەى دڵنیایی جۆرى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى 2018-2019 .
هەروەها بڕوانامەى رێزڵینان بەخشرایە ئەو مامۆستایانەی کە رۆلێکى گرنگیان هەبووە لە پێشخستنى ڕانکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بە ئەنجامدانى توێژینەوەکانیان بۆ ساڵى خوێندنى 2018-2019 کە پێکهاتبوون لە د. بێریوان عبدالقادر على لە پەیمانگەى تەکنیکى پزیشکى هەولێر، م. بێستون عبدالمجید عثمان و م. رەوشەن عثمان على لە پەیمانگەى تەکنیکى کۆیە، پ.ى.د.توانا احمد مصطفى لە کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى هەولێر، د.شارا کمال محمد لە پەیمانگەى تەکنەلۆجى هەولێر.