ئەمرۆ سێ شەممە رێککەوتی 18ـی شوباتی 2020 لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەر و ستافی هۆبەکانی تەندروستی و سەلامەتی کولێژ و پەیمانگەکان وۆرکشۆپی تایبەت بە فریاکەوتنی خێرا بەرێوەچوو و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت .
سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە گرنگی بابەتی فریاگوزاری سەرەتایی کرد بۆ ستاف و قوتابیانی زانکۆ، و سوپاسی راهێنەرانی کرد، هەروەها دەستخۆشی لە بەرێوبەری تەندروستی و سەلامەتی سەرۆکایەتی زانکۆ کرد بۆ رێکخستنی وۆرکشۆپەکە.
وۆرکشۆپەکە بە سەرپەرشتی راهێنەرانی فریاگوزاری سەرەتایی بەرێزان خالد عثمان نادر و رزگار عبدالرزاق عبدالقادر و کارمەندی ئەمبولانس پێشەوا صالح رحمن، بۆ بەرپرس و فەرمانبەرانی تەندروستی و سەلامەتی لە گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان ئەنجام دەدرێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمرۆ دووشەممە رێککەوتی 17ـی شوباتی 2020 رێورەسمی کردنەوەی پرۆژەی “دۆزینەوەی هەلی کار ودابین کردنی کورسی خوێندن بۆ پەنابەران و دانیشتوانی کەم دەرامەت و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی ئۆتۆکاد، بازاڕگەری و زمانی ئینگلیزی” لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ياريدەدەری سەرۆکی زانکۆی موسڵ د. منير طه و د. رواء بطرس بەرێوبەری نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و د. بيار جعفر السليفاني- راگری کۆلێژی ئەندازیاری و پ.د كامل علي عبد المحسن- مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی موسڵ و بەرێوبەر و راوێژکارانی رێکخراوی سپارک لە عێراق و کوردستان رەهێڵ قەرەداغی و فراس دیب و سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان د. ڤیان سلێمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایانی زانکۆ رێورەسمەکە دەستی پێکرد.
سەرەتا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی شاندی زانکۆی موسڵ و رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی و میوانانی کرد و کورتە باسێکی دەربارەی پرۆژەکە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ هەردوو زانکۆ و قوتابیانی پەنابەر و کەم دەرامەت، هەروەها سوپاسی رێکخراوی ناوبراوی کرد کە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەکی باش پشتگیری زانکۆ و قوتابیانیان کردووە.
دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. گۆڤەند حسێن شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە هەنگاوە ئەرێنیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد کە پەرە بەم پەیوەندییانە دەدات بەمەبەستی پاڵپشتی کردن لە پرۆسەی خوێندن و قوتابیان، هەروەها وتیشی ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام پشتگیری هەر پرۆژەیەک دەکەین کە سوودی بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا و زانکۆکان و قوتابیان هەبێت، هەروەها سوپاسی رێکخراوی سپارکی کرد و هیوای بەردەوامی بۆ خواستن لە هاوکاری کردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
پرۆژەکە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەنداوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و لە لایەن رێکخراوی سپارکەوە جێ بەجێ دەکرێت بە هاوکاری هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی موسڵ، لە لایەن بەرێوبەر و سەرپەرشتیارانی رێکخراوەکەوە روونکرایەوە کە خۆی لە دۆزینەوەی هەلی کار ودابین کردنی کورسی خوێندن بۆ پەنابەران و دانیشتوانی کەم دەرامەت و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی ئۆتۆکاد، بازاڕگەری و زمانی ئینگلیزی دەبینێتەوە.