ئهمڕۆ پێنجشەممە ڕێكهوتی 9ـی کانونوی دووەمی 2019 له شاری ههولێر له مهراسیمێكدا ، ریزبەندی نیشتمانی زانکۆ حکومی و تایبەتیەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و تیایدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و لە گروپی (دی) هاتووەتە گرووپی (سی) لەم گرووپەش سێیەمە، ئەوەش بەپێی بنەماکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ریزبەندی زانکۆکان کە بنەمای ئاست بەرز و ئەكادیمین بۆ دیاریكردنی ئاستی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان.

مەراسیمەکە، بهچاودێری و ئامادەبوونى د. ئارام محمد قاد وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەک لە وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژكار و سهرۆكی زانكۆ حكومی و تایبهتهكان، بهدروشمی (ڕیزبەندی نیشتیمانی شاڕێی کرانەوە و متمانە و دڵنیایی) بۆ (جاری چوارەم)، ئەنجامی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٩) ڕاگەیەنرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و گروپێک لە ریزبەندیەکەی بڕیووە و هاتووەتە پێشەوەی گروپی (سی) لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە دواوەی گروپی (دی) بوو، بەمەش لانی کەم ٥ بۆ ٦ پلە هاتۆۆتە پێشتر و پێش ژمارەیەک لە زانکۆ حکومیەکان کەوتووە.
ساڵ بەساڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا پێشدەكەوێت، سەبارەت بەم پێشوەچوونە سەرۆكی زانكۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی رایگەیاند: ”ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بە هەموو توانامانەوە بە یەك تیم كار بۆپێشخستنی زانكۆ دەكەین بە ئامانجی پێگەیاندنی كادری بەتوانا لەگشت ئەو پسپۆریانەی لە زانكۆماندا هەن”.

هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی زانکۆ وتی: ” پیرۆزبایی لە خۆم و تەواوی ستافی زانكۆ و قوتابیان دەكەم، ئەم ئەنجامە بە هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی مامۆستا و فەرمانبەران هاتۆتەدی و دەست خۆشییان لێدەكەم، جێگای دڵخۆشییە گەیستووین بەم ئاستە و هیوادارین بۆ ساڵانی داهاتوو بتوانین زیاتر بەرەوپێش بچین و بەهەوڵی هەموومان زانکۆمان بگەیەنینە لوتکە”.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەرووی توێژینەوەی زانستی و ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان قوتابیان/خوێندکاران لەگەڵ مامۆستایان و دەستگەیشتن بە سەرچاوە زانستیەکان و پەیوەندییەکانی زانکۆ و کتێبخانە و چالاکیە کولتوری و زانستی وهونەریەکان لایەنی زانستی لەپێشەوەی زانکۆکانی تری هاوشانی خۆیەتی و ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ زانکۆ و ستافەکەی.

نوێترین ریزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان