فیدباکی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەرێنی بووە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کە بۆ دانپیدانان بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لێرەن دووەم کۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی ئەنجامدا و دواتر سەردانی چەند کۆلێژ و پەیمانگایەکیشیان کرد.


دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد و لە لایەن ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازییان لێکرا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا تایبەت بە دانپیدانانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.


شاندەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال ئەمڕۆ بەیانی چوارشەممە بۆ جاری دووەم سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا، شاندی ناوبراو پێکهاتبوون لە د. حیدر عامر البغدادی وەک سەرۆکی لێژنە، پ.ی.د حامد شاکر محمود نوێنەری دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، د. محمد سعد إبراهیم نوێنەری فەرمانگەی خوێندن و پلان و بەدواداچوون، مامۆستای یاریدەدەر علی شبیب جابر نوێنەری فەرمانگەی بنیاتنانەوە و پرۆژەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغدا.


د. نەجیب تۆما لەبارەی فیدباکی شاندەکەوە دەڵێت: شاندەکە دوای ئەوەی سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد دواتر سەردانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و پەیمانگای پزیشکی، پەیمانگەی تەکنۆلۆژی، پەیمانگەی کارگێڕی و تاقیگە و هۆڵەکان و کتێبخانەکانیان کرد، فیدباکیان زۆر ئەرێنی بوو سەبارەت بە زانکۆکی پۆلیتەکنیکی هەولێر وهەروەها هەڵسەنگاندنیان زۆر باشبوو ئەوەش گرنگە تا لە داهاتوویەکی نزیکدا کار لەسەر دان پێدانانی زانکۆکەمان بکرێت لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

فۆتۆ: گۆران کەنعان