Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 27, 2019

شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەن

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 27ـی تشرینی یەکەمی 2019 شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد و لە لایەن ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازییان لێکرا.

شاندەکەی بەغدا پێکهاتبوون لە د. حیدر عامر البغدادی وەک سەرۆکی لێژنە، پ.ی.د حامد شاکر محمود نوێنەری دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، د. محمد سعد إبراهیم نوێنەری فەرمانگەی خوێندن و پلان و بەدواداچوون، مامۆستای یاریدەدەر علی شبیب جابر نوێنەری فەرمانگەی بنیاتنانەوە و پرۆژەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغدا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ شاندی ناوبراو گفتوگۆیان لەبارەی دانپێدانان بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال بە پێی فۆرمێکی ئامادەکراو سەرجەم داتا و دۆکیومێنتەکانی کارگێری و دارایی و مرۆیی تایبەت بە زانکۆ لەخۆ دەگرێت ئامادە دەکرێت بۆ دڵنیا بوون لە بەڵگەنامەکان.

دوای کۆبوونەوەکەیان شاندەکە لەگەڵ یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و زانستی، بەرێوبەرایەتیەکانی سەرۆکایەتی زانکۆیان بەسەرکردەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرێوبەرەکان کرد، بڕیار وایە لێژنەی ناوبراو سەردانی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان بکات بەمەبەستی هەڵسەنگاندنیان تاکو لە داهاتوویەکی نزیکدا کار لەسەر دان پێدانانی زانکۆکەمان بکرێت لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرالەوە.

فۆتۆ: گۆران کەنعان