Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 8, 2019

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری راگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا بەفەرمی لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر راگەیاندرا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەفەرمی قوتابیان وەربگرێت بۆ خوێندن لە پەیمانگاکە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە بۆ هەریەک لە پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وغەفور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ئەنجامدرا تیایدا وردەکاری و رونکردنەوە لەبارەی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆرخرایە روو”.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە ژمارەیەک زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن ئامادەی بوون ، پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند، کردنەوەی پەیمانگاکە دیاریەکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خەڵکی قارەمان و خۆراگری مێرگەسۆر و وەک ناوچەیەکی شۆرشگیر و فیداکارای شۆرشەکانی کورد، بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتێکی بچوکی ئەو ناوچەیە بکرێت”.
وتیشی: پەیمانگاکە بەشێوەیەکی کاتی باڵەخانەیەک لەلایەن قایمقامی قەزاکەوە بۆ تەرخانکراوە، لەداهاتووشدا زەوی بۆتەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی باڵەخانەی نوێی لەسەر دروستبکرێت”.

سەرۆکی زانکۆ رونیشکردەوە، سێ بەش لەخۆی دەگرێت هەریەک لە بەشەکانی ( کارگێڕی کار، تەکنیکی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی ، بەشی پەرستیاری) ئەمساڵ ئامادەکاریەکان کراون و پەیمانگاکە ساڵی داهاتوو واتا خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ قوتابیان وەردەگرێت و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خەڵکی ناوچەکەیە تا بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن لە ناوچەکەی خۆیان “.

هەر لەبارەی کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر، د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بریارەکە دراوە و جێگای خۆشحاڵیە کە ئەو پەیمانگایەش دەچیتە رێزی پەیمانگاکانی تر بۆ ئەوەی کادیری ناوەند و بەتوانا بخاتە بازاڕەوە و بتوانن لە بوارە جیاجیا کاندا خزمەتبکەن”.

دواتر غەفور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ووتی: سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ بڕیاردان لە کردنەوەی پەیمانگایەکی تەکنیکی لە قەزای مێرگەسۆر و وەک یەکەی ئیداری قەزاکەش ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکیشن بۆ ئەوەی پەیمانگاکە بەزورترین کات کارەکانی تەواو بکات و بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی قوتابیان.
قەزای میرگەسۆر دەکەوێت بەشی باکوری رۆژئاوای شاری هەولێر ، کە پێکهاتووە لە پێنج ناحیە وە کۆی گشتی دانیشتوانی نزیکەی حەفتا هەزار کەسە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریش کە نۆهەمین پەیمانگای تەکنیکی سەر بە زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر لە سنوری پارێزگای هەولێر سوودێکی زۆری دەبێت لەرووی پێگەیاندنی کادری ناوەند و بەتوانا بۆ ئەو سنوورە.