بەڕێوەبەری گشتی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 21/1/2019 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پێشوازی کرد لە بەڕێز د. محمد کەلاری بەڕێوەبەری گشتی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری نووسینگە و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پرۆگرامەکانی خوێندن و بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی، مەبەستی سەردانەکەیان بۆ ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری بەڕێوەبەراتیەکانی پەیوەست بە دەزگاکە و ناسینی زیاتر و هەماهەنگی پتەوی نێوان وەزارەت و زانکۆکەمان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە د. نجیب تۆما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و مامۆستا شاکر رضا بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و مامۆستا کۆڤان بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی خوێندن و مامۆستا نیان بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادە بوون جەخت کرایەوە لە باشتر کردنی پرۆسە و هەنگاو و کارەکانی تایبەت بە دڵنیایی جۆری و تەندروستی و سەلامەتی و پرۆگرامەکانی خوێندن ، هەروەها بۆچوون و بەرنامەی کاری گونجاو و پێشکەوتوو گفتوگۆیان لەسەر کرا .

TAGS