لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی زانستی، و جێبەجێکردنی رێكارو ڕێنماییە گشتییهکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئێوارەی ڕۆژی ٣/٤/٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاینی بەرفراوان لە نێوان لیژنەی باڵای خوێندنی دیجیتاڵی و سەرجەم سەرۆک بەشەکانی زانکۆ بهپێی ئهو رێنمایی و رێكارانه ئامادهكراون و داڕێژراون بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وەک سەرۆکی لیژنەکە سازدرا، تەرخانکرا بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ورد بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی لە تەواوی بەشە زانستییەکاندا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سیمینارێکی تایبەت لەلایەن سەرۆکی لیژنەکەوە پێشکەش کرا کە تێیدا تیشک خرایە سەر ئەو ڕێکارە زانستی و کارگێڕییە نوێیانەی کە زانکۆ لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادەی کردوون. لە سیمینارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە بە ئامانجی پاراستنی کوالێتی خوێندن و هێشتنەوەی ئاستی زانستی زانکۆیە لە بەرزترین پلەدا، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان و بتوانرێت لەم ساڵی خوێندنەدا بە باشترین شێوە سوود لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان وەربگیرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و شێوازی هەماهەنگی نێوان بەشەکان گفتوگۆی لەسەر کرا، بەو ئاراستەیەی کە پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بێ گرفت بەردەوام بێت. ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی نەک تەنها پێویستییەکی سەردەمیانەیە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ سهرخستنی پرۆسهی فێربوون و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی زانستیی پێشکەوتوو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان. و لهئێستادا خوێندنی ئۆنڵاین له زانكۆماندا تا رادهیهكی باش به شێوهیهكی رێكوپێك وگونجاو دهڕوات بهڕێوه.


