وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر دووپات دەکاتەوە

د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق مەحمود، بریکاری وەزارەت و د.توانا نەجەف،بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێری و دارایی و د.ژالە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و سەرمەند حەمید بەرزنجی، بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر ئامادەی بوون، چەند پرسێکی پەیوەندار بە زانکۆکان لە بواری کارگێری و دارایی و زانستی تاوتوێی کرا.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر کرد بۆ کار و ھەنگاوەکانی بە ئامانجی بەرەپێشبردنی زیاتری زانکۆکە، ھاوکات پشتیوانی خۆی بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ پشتیوانییەکانی بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر.