بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ یادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێڕ بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووشەمە22ی نیسانی 2024، لەیادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، هەردوو بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێری سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کەرنەڤاڵێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە سازکرا، کە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری لەخۆ گرتبوو.

ئەم کەرنەڤاڵە تایبەتە بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەرانی بۆ کاروباری زانستی و کاروباری قوتابیان و ڕاگرانی کۆلێژ و پەیمانگەکان و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ و ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و میوانان بەرێوەچوو.

سەرەتا م.شاکر رضا سەرۆک بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەناوی سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گشت میوانانی کرد، بەگرنگیەوە باسی لە پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکی زانکۆ پ.د.ئیدریس کرد و سوپاسی بەڕێزیانی کرد کەهەمیشە هاوکارە بۆ بەرەو پێشچوونی زانست و هاوکاری کردنی قوتابیان و ئامادەبوونی لەم یادە نیشتیمانی و نەتەوەییانە دەرخەری ئەو راستییەن، دواتر باسی مێژوو و گرنگی ئەو ڕۆژە و دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کرد و تیشکی خستە سەر کارو چالاکییەکانی یادەکە، و گووتی جێگای دەستخۆشیە، کە سەرجەم چالاکییەکان بەرهەمی بیر و دەستی قوتابیانی هەردوو بەشی تەکنیکی میدیان لەپەیمانگە و کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر .

هەر لەو رێوڕەسمەدا کێکی یادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی شکێندرا، و چەندین چالاکی بەڕێوەچوون وەک: پێشانگای وێنەکانی قوتابیان، پێشانگای ڕۆژنامە چاپکراوەکانی قوتابیانی بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگا و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی، نمایشکردن و دابەشکردنی ژمارە 4ی گۆڤاری پۆلیتەکنیک مەگەزین، نمایشکردنی تابلۆ کێشراوە دەستییەکانی قوتابیانی پەیمانگە، دەسپێکی بەشی دووەم بریتی بوو لەچوونە ناو هۆڵی سەنتەری رۆشبیری و پێشکەشکردنی وتاری بەخێرهاتن، دواتر نمایشکردنی کورتە ڤیدیۆی قوتابیانی کۆلێژی  تەکنیکی کارگێری، سازکردنی کۆرێکی میوزیک و شیعری بۆ شاعیری لاو و ناسراو کاوە حوسێن بەهاوبەشی و بەرێوەبردنی پ.ی.د.سیروان ئەنوەر مەجید.

شیاوی باسە ساڵانە بەشی تەکنیکی میدیا لە هەردوو پەیمانگە و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر ئەم یادە بەبەرزی رادەگرن و چەندین چالاکی ئەم بۆنەیەوە ئەنجام دەدەن کە سەرجەمیان لە لایەن قوتابییانی هەردوو بەشەکە ئامادە و پێشکەش دەکرێن.