سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە دیدارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆمان، بەشداری کرد لە دیداری (دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارھێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) کە بە چاودێری د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھۆتێلی ھەولێری نێودەوڵەتی رێکخرابوو.

دیدارەکە بە ئامادەبوونی ھەریەک لە بریکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆک زانکۆکان، راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆ و میوانانی ئەکادیمی دەستی پێکرد و چەند وتارێک پێشکەشکرا.

دواتر لە چوار پانێڵی جیاوازدا باس لە ئامراز و دەرفەتەکانی بەکارھێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان تیشکیان خرایە سەر و ئەزمونی زانکۆ پێشکەوتوەکان و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەو گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیری دەستکردو ئاڵنگارییەکانی بەکارھێنانی ژیری دەستکردیش لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا تەوەرەکانی دیکەی دیدارەکە بوون.

جێگەی ئاماژەیە دیداری (دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارھێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) بە دەرکردنی چەند ڕاسپاردەییەک کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.