Daily Archives: ئازار 4, 2024

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداریی لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی3-6ی ئاداری 2024 لە زانکۆی بەغدا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی 56 ھەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی و ئامادەبوونی د.عەمرو عیزەت سەلامە ئەمینداری گشتی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەستی بەکارەکانی کرد.

دوای رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەکە کە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی بەڕێوەچوو، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

بڕیارە لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا چەندین بابەتی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی بکرێت، لەوانە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی، سیستەمی بۆلونا، پرۆژەکانی پۆلێنبەندی عەرەبی بۆ زانکۆکانی عەرەبی و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگھێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە ھەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە میوانداریی دەکرێت.

 

کۆلێژی تەکنیکی سۆران پرسی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکرد

ڕۆژی دووشەممە ٤ـی ئاداری ‌‌‌‌‌٢٠٢٤، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران، بە بەشداری هەریەکە لە  ( هەڵگورد شێخ نەجیب- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پ.د. مونا یاقو- سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی)، لە ژێر دروشمی “بە نەمانی کورسی کۆتاکان، پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیار”، نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران بە هەماهەنگی کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پانێلێکی سەبارەت بە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای پانێلەکە (پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی) ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەپاڵ بەخێرهێنانی میوانان لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەستەڵاتی سیاسی کوردستان بە ئامانجی ڕەنگاڵەیی هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردستان، وەکو کۆمەڵگایەکی فرە ڕەنگ لە نەتەوە و ئاینی جیاواز و گوتی:” سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڕوای وابووە کەوا جگە لە کورد نەتەوەی دیکەش لە کوردستاندا هەن، بۆ ئەوەی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی بەرجەستە بێت، کورسی تایبەتیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکردووە، تا ئەوانیش لە ڕێگای گەورەترین دامەزراوەی یاسایی کوردستان پارێزگاری لە داواکاری و مافە ڕەواکانیان بکەن”.
دواتر  جەواد سوار- بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران تیشکی خستە سەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و گوتی:” ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە پێکهاتەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەشداریپێکردنی کۆتاکان لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا وەک تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ پیشانی دەرەوە دراوە، بۆئەم مەبەستەش کاتێک سەرکردەکانی کوردستان سەردانی دەرەوە دەکەن یاخود یەکێک لە سەرکردەکانی دەرەوە سەردانی هەرێم دەکەن بە شانازییەوە باسی پێکەوەژیانیان کردووە لە کوردستان.
دواتر بەڕێوەبەری پانێل سیروان مەحموود مامۆستای زانکۆ پرسیارەکانی ئاراستەی بەشداربووانی پانێلەکەی کرد و بە تێر و تەسەلی گفتوگۆ لەسەر دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کرد کە تێدا  د. مونا یاقو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گوتی:” من بۆچوونم ئەوەیە ئەگەر هاتوو ئەو بڕیارە بەم شێوەیە بێت پێکهاتەکان کەسیان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن، چونکە ئەگەر هاتوو پەرلەمانی کوردستان تەنها یەک پێکهاتەی تێدا بەشدار بێت، ئەوا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڕاستی ئەوە مانای ئەوەیە کە دیموکراسییەت نییە و ئەوەش باجێکی زۆری دەبێت بۆ ئەو کەسانەی پاڵپشتی ئەم بڕیارەیان کردووە”.
لە درێژەی پانێلەکە مونا قەهوەچی ڕووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی:” هەندێک تۆمەت دەخرێنە پاڵ پێکهاتەکان و دەڵێن پێکهاتەکان هاوکار و هاوئاوازن لەگەڵ لایەنێک، پێکهاتەکان بەشانازییەوە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەم لایەنە دیاریکراوە ئەمە شتێکی شاراوە نییە، چونکە چۆن بۆ لایەنەکانی دیکە ڕەوایە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاوپەیمانی ببەستن، ئێمەش ئەم هاوپەیمانییەتەمان ئەنجامدا لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان”.
یەکێک لە بەشداربووەکانی دیکەی پانێلکە هەڵگورد شێخ نەجیب بوو کە تایبەت  لەبارەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دواو گوتی:”ئێمە لە خێزانەکەمان ئەوەندە لەگەڵ پێکهاتەی کریستیانەکان تێکەڵببووین ئەو پەیوەندیەی ئێمە لەگەڵیان هەمانبوو لەگەڵ موسڵمانان نەمانبوو، کریستیانەکان لە سۆران میوان نین بەڵکو خەڵکی ئەم شارەن و کوردستان بەم پێکەوەژیانە جوان بووە”.

گەشتی زانستی قوتابیانی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات بۆ زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستی کرداری

ئەمرۆ دووشەممە ٤ /۳/ ٢٠٢٤ لە ژێر چاودێری پ.ی.د. کاوە خلیل میران راگری پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، گشت بەشە زانستیەکانی پەیمانگەکەمان گەشتێکی زانستییان بۆ زانکۆیی ئاکرێ ئەنجام دا، بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بەیانیان و ئێواران، بەسەرپەرشتی یاریدەدەری راگری پەیمانگە د.مولود خضر و نوێنەران و مامۆستایانی بەش، لە سەردانەکەدا سەرەتا لە هۆلی کۆنفراسەکان لەلایەن د.ئاراس سەرۆک بەشی ئایتی و بەرپرسی لێژنەی پێشوازی و لێژنەی قوتابیانی پەیمانگەی تەکنیکی ئاکرێ پێشوازیەکی گەرمیان لێکردین.
دواتر قوتابیان سەردانی بەشی ئایتی و کارگێری یاسایی و رەزگەری و هۆلەکانی خوێندن و گێلگە و تاقیگەی کشتوکالیان کرد،
مەبەست لە گەشتە زانستیەکە ئالوگۆری بیر و ڕای زانست و زانیاری بوو لەگەل قوتابییان و مامۆستایان، ستافی زانکۆ و پەیمانگەکە خۆشحالی خۆیان دەربڕی بە گەشتە زانستییەکە، ئاست و توانستی قوتابیانیان بەرز نرخاند ھاوکاری بەردەوامی خۆیان دوپات کردەوە بۆ ئەم گەشتە زانستی و پراکتیکیە.
ھەر بۆیە ستافی پەیمانگەکەمان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ د.منهل الهام و یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی د.سمیرمحۆ و سەرۆک بەشەکان، لە زانکۆی ئاکرێ و پەیمانگە دەکەین، بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ گەشتە زانستیەکە.