سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداریی لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی3-6ی ئاداری 2024 لە زانکۆی بەغدا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی 56 ھەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی و ئامادەبوونی د.عەمرو عیزەت سەلامە ئەمینداری گشتی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەستی بەکارەکانی کرد.

دوای رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەکە کە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی بەڕێوەچوو، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

بڕیارە لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا چەندین بابەتی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی بکرێت، لەوانە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی، سیستەمی بۆلونا، پرۆژەکانی پۆلێنبەندی عەرەبی بۆ زانکۆکانی عەرەبی و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگھێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە ھەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە میوانداریی دەکرێت.