Daily Archives: ئازار 6, 2024

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ یەکەمین کۆربەندی ساڵانەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 6ی ئاداری 2024،بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یەکەمین کۆربەندی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی “بارزان لە بەرخودان خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی ( پەروەردە و فێرکردن ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان)” بە بەشداری هەریەک لە بەڕێزان (پ.د.ابوبەکر دێوانە حمد، د.عەبدوڵا ملا، پ.د.فەرسەت مەرعی، مامۆستا ڕێکار مزوری) بەڕێوەچوو.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، غەفور احمد ملاسوار قائیمقایمی قەزای مێرگەسۆر، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، پەیڕەوانی ئاین و ئاینزا جیاوازەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان دەستی پێکرد.

سەرەتا پ.د. ئیدریس هەرکی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجومەنی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی پانێڵەکەی کرد و گوتی: ” ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی تایبەت بە ڕۆڵ و خەبات و بەرخودانی بارزان و سەرکردەکانمان و شێخەکانی بارزان و بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردن و ژینگەپارێزی، بەڕێزان ئەرکی زانکۆ تەنیا پێشکەشکردنی زانست و زانیاری و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی نییە بەڵکو ئەرکێکی تری گرنگتر ئەرکی زانکۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگایە بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی بۆ ئابووریەکی باشتر بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە بابەتە جیاجیاکان و بە تایبەتریش لە بابەتی نەتەوایەتی”.

“ئەمڕۆ ئەو بەڕێزانەی کە لەم پانێڵە نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ بەشدارن لەگەڵ ئێمە دەمەوێت لە سەرەتاوە زۆر سوپاسی ئامادەبوونیان بکەم و نامەوێت بچمە ناو بابەتەکانەوە بەڵام ئەوەی کە گرنگە دەمەوێت باسی بکەم ڕوونی پەروەردە و فێرکردن بە تایبەتی ڕۆڵی شێخەکانی بارزان و سەرکردەکان لە بابەتی بەر پەروەردە فێرکردن دەمەوێ هەر لە سەرەتای شۆڕشەکانی بارزان و شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە ڕۆلێکی گرنگی تایبەتی هەبووە لە دروستکردن و ئامادەکردنی قوتابخانەکان بە تایبەتی قوتابخانە ئایینییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ ئەم ڕێبازە بەردەوامە ئەگەر سەیر بکەین ڕۆڵی بارزانی نەمر لە دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام کە ڕۆلێکی سەرەکی هەبووە و بە فەرمانی جەنابیان ئەم یەکێتییە دامەزراوە دواتریش یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و گرنگیدا بە خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی کە بارزانی نەمر گرنگییەکی تایبەتی بەو بوارەدا بوو، و لە ڕێکەوتنامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 تواندرا ئەم بابەتە چەسپێندرێت کە بە زمانی کوردی بخوێندرێت و دواتریش دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد کە هەر لەسەر دەستی بارزانی نەمر، ئەوانە چەند نموونەیەکن لەسەر ڕۆلی شێخەکانی بارزان تایبەت بە بابەتی پەروەردە و فێرکردن.”

“خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسوور ڕۆڵی چەند کەسێک کە لە پلەیەکی زانستی بەرزن لە پلەی پرۆفیسۆر بەرز دەنرخێنن، کە ڕۆڵەی ئەم دەڤەرەن و لەسەر ئەم ڕێبازە خۆیان پێگەیاندووە تا گەیشتن بەم ئاست و دەرئەنجامە پێمان خۆش بوو ئەمڕۆ لە گەڵمان و رێزلێنانیان پێ ببەخشین.” ئامادە بن دووبارە بە خێراتنتان دەکەین و هیوادارم ئەم دەڤەرە هەروا بە سەر بەرزی بە سەر فرازی بمێنێتەوە دووبارە هەموو لایەک بەخێربێن زۆر سوپاس بۆ ئامادە بوونتان”.

دواتر دەستکرا بە پێشکەش کردنی بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە پێکهاتبوو لە پێشکەشکردنی پانێڵێک بە بەشداری ” پ.د.ابوبەکر دێوانە حمد، د.عەبدوڵا ملا، پ.د.فەرسەت مەرعی، مامۆستا ڕێکار مزوری ” کە تیایدا بە وردی شەن و کەوی قوناغەکانی بەرخودان و شۆڕشی بارزانیان و کەلتوری پێکەوەژیان و ژینگەدۆستی لە دەڤەرەکە کرا، و دوای کۆتایی هاتنی پانێڵەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محمد طاهر هەرکی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەلگورد شێخ نەجیب  بروانامەی رێزلێنان بە خشرایە بەشداربووانی پانێڵەکە.

لە بڕگەی دووەمی کۆڕبەندەکەدا وەک رێزگرتنێک لە هەوڵ و تێکۆشان لە بواری زانستی و ئەکادیمی قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە کۆمەڵێک خاوەن نازناوی زانستی پرۆفیسۆر کە لە دایکبوو یاخود خەڵکی سنووری قەزای مێرگەسۆرن و کۆڕبەندەکە کۆتایی هات.