رۆژی پێنج شەممە 28ی ئاداری 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری پ.د . کیهان زرار غفور ڕاگری کۆلێژی تەکنەلوجی هەولێر و پ.ی .د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، سەردانی کونسوڵگەری گشتی کۆماری چین-یان لە هەولێر کرد و لە لایەن بەڕێز لیو جون کونسولی گشتی چین و بەرپرسی بەشی سیاسی چن گۆوچینگ پێشوازییان لێکرا.
ئامانجی سەردانەکە، ناساندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بوو بە کونسول و ستافی کونسولخانە، هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی هەمەهانگی کردنی کونسولخانە لە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی چین، لەهەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییە کلتوری و زمانەوانییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیارکرا کەوا هەندێک خولی تایبەت بەزمانی چینی بکرێتەوە جگە لەناساندنی کولتوری چینی بەکوردستان و کولتوری کوردستان بەچین.
کونسولی چین بەخۆشحاڵیەوە رەزامەند بوو لەسەر پێشنیارەکان و پاڵپشتی تەواوی خۆی دەربری بۆ زانکۆمان کەهەرچی کارێک لەرێگای ئەوانەوە بکرێت دەیکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆمان و زانکۆکانی وڵاتەکەی، هەروەها بابەتەکانی دیکەی زانستی و هەندێک بابەتی تری وەک کۆمەکی دارایی و هاوکاری تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوون.