پیرۆزبایی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر گەیەندرایە بەڕێوەبەری گشتی ئەندازە و پڕۆژەکان

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی زانکۆمان، بەمەبەستی پیرۆزبایی لە د.بڵند ابرھیم عزیز بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئەندازە پڕۆژەکان، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد.

لە دیدارێکدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێرەوە پیرۆزبایی لە د.بڵند ابرھیم عزیز کرد بەبۆنەی دەست بەکاربوونی لە ئەرکی تازەی وەک بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئەندازە پڕۆژەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

لای خۆیەوە د.بڵند ابرھیم عزیز وێڕای بەخێرھێنان، ھاوکات سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و یاوەرانی کرد بۆ سەردان و پیرۆزباییان.

ھەر لە دانیشتنەکەدا باس لە گرنگیدان بە کارە ئەندازەییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەتایبەتی لە زانکۆمان بە ئامانجی بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ کرا و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئەندازە پڕۆژەکان وێڕای دەستخۆشی، ھاوکات ھیوای سەرکەوتن و بەرەپێشچوونی زیاتری بۆ زانکۆمان خواست.

ھەماھەنگی زیاتر بۆ خزمەتکردنی زیاتری زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.