سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەریتانیا سەردانی زانکۆی Loughborough دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە میانی سەردانی فەرمی لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەریتانیا کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان، سەردانی زانکۆی Loughboroughی کرد.

لە سیمینارێکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تیشکی خستەسەر مێژوو و پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و داتا و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆ، هەروەها پڕۆگرام و بەرنامەکانی خوێندنی باڵا و ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵا لە دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆماندا خستەڕوو.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، باسی لە پێداویستییەکانی ئەو بەشە زانستیانە کرد کە تازەن لە زانکۆماندا و وەک پێویستی بازاڕی کار کراونەتەوە و پێویستیان بە پالپشتی زیاترە.

پاشان دیاری و لۆگۆی زانکۆی Loughborough پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرا و لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لۆگۆ و دیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی Loughborough کرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆلیژ و بەش و تاقیگەکانی زانکۆی Loughborough یان بەسەرکردەوە.