سەرۆکی زانکۆ لە بەریتانیا سەردانی زانکۆی نۆتینگهام دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە ژمارەیەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان لە میانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بەریتانیا سەردانی زانکۆی نۆتینگهامی کرد.

شاندەکە کە دوێنێ یەکشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2023لەسەر بانگهێشتی British Council بەمەبەستی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەریتانیا گەیشتە بەریتانیا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ زانکۆی نۆتینگهامی کرد و بەشداریی لە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکدا کرد.

لە میانی دیدارەکاندا پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی تیشکی خستە سەر پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەو بەشە زانستیانەی کە زانکۆمان پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانی زیاتر هەیە بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە نوێن و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەشدا دەگمەنن.

هاوکات تیشک خرایە سەر بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و بەشدارییکردن و هاوبەشیکردنی زانکۆمان لە بوارەکانی توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و هاوکاری بۆ پێگەیاندنی مامۆستا لەو بوارانەی کە زانکۆمان پێویستی پێی هەیە.

دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ ئەمینداری گشتیی زانکۆی نۆتینگهام دیاری و لۆگۆی زانکۆیان پێشکەش بەیەکتر کرد.