سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکات

ڕۆژی دووشەممە 27ـی نۆڤەمبەری 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری پ.ی.د. نەجیب تۆما بتۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و م. سەرمەند نەسرەدین بەڕێوبەری کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆ، سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری کرد و لەلایەن ڕاگری پەیمانگە بەرێز د. طالب محەمەد شريف و ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە پێشوازییان لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ راگر و ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە کۆبووەوە و چەند بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە پەیمانگە تاوتوێکران.

هەر لە دیدارەکەدا د. ئیدریس دەستخۆشی لە راگر و ئەنجومەن و ستافی پەیمانگە کرد لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی کە بە دامەزراوەکە دەیکەن هەروەها بەڕێزیان پاڵپشتی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پرۆژەکانی داهاتوو بۆ زیاتر برەودان بەو دامەزراوە ئەکادییمییە.

دواتر بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی پەیمانگە و دەستنیشانکردنی کەم و کورتییەکان، سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری هۆبە و بەشە کارگێریەکانی پەیمانگەیان بەسەرکردەوە، هەروەها سەردانی پرۆژەی دروستکردنی یانەی قوتابییانیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی جێبەجێ کردنی کارەکانی پرۆژەکە بوون.