Daily Archives: ئه‌یلول 17, 2023

سەرۆکی زانکۆ سەردانی بەشەناوخۆییەکانی کچان دەکات

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ. د ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول و بەڕێوبەری بەشەناوخۆییەکان ئەحمەد شێرکۆ عەبدوڵا، سەردانی بەشەناوخۆییەکانی کچانی کرد.

لە سەردانەکەدا ژوور و هۆڵەکانی بەشەناوخۆیی کچانیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونیان کرد بۆ ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە بەشەناوخۆییەکان، هەروەها بڕیاردرا بەزووترین کات کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست بۆ قوتابییان بڕەخسێنرێت.

شیاوی باسە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2023-2024 بە بڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی کچان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکدەخرێت و کۆی قوتابییانی کچ لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی ناو شاری هەولێر لە بەشەناوخۆییەکانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر شوێنیان بۆ دابین دەکرێت.

 

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەغدا بەشداری لە وۆرکشۆپێکی رێکخراوی یونسکۆ دەکەن

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولیر لە شاری بەغدا بەشدارییان لە وۆرکشۆپێک کرد کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ رێکخرابوو و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

وۆرکشۆپەکە بۆ حەوت زانکۆی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخرابوو کە پێکهاتبوو لە هەردوو بۆردی (Quality Assurance board) و (Subject Area Board). لە رۆژی یەکەمدا بۆردەکان سیمینارێکیان پێشکەش کرد کە لە ماوەی 2 ساڵی ئەکادیمی کاری لەسەر کراوە.

لە وۆرکشۆپەکەدا شاندی زانکۆمان باسیان لە پرۆگرامی نوێ و کوالیتی خوێندن و چۆنیەتی پیادەکردنی بۆلۆنا پرۆسس لە زانکۆمان بۆ ئامادەبووان روونکردەوە، بڕیارە لە رۆژی دووەم و سێیەمی وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پلان و ئاستەنگەکان بکرێت، هەروەها دەرئەنجام و ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بازاری کار لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی عێراق بخرێتە بەرباس.

شیاوی باسە شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە مامۆستا سالار احمد رسول، مامۆستا کەمال محەمەد عەبدوڵا، مامۆستا جبارمجید صادیق ومامۆستا ئەحمەد رفیق تۆفیق کە بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداربوون.

 

سەرۆکی زانکۆ بەفەرمی باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کردەوە

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە مەراسیمێکدا باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر کردەوە.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی پ.ی.د.ئازاد احمد و سەرجەم سەرۆك بەشەکانی کۆلێژی ناوبراو و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیان، باڵەخانە نوێیە بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە کرایەوە.

لەوتەیەکیدا د.ئیدریس پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو باڵەخانە نوێیەی لە ڕاگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەران قوتابیان کرد و بە قوتابییانی راگەیاند، “پیرۆزباییتان لێدەکەم ئێوە لە ئێستادا لە یەکێک لە باشترین بەشە زانستییەکانی ئەم کۆلێژە و گشت زانکۆکانی کوردستان دەخوێنن کە پێویستی ئێستای بازاڕی کارە لە هەموو جیهان”، هەروەها هیوای خواست قوتابیان بەماڵی خۆیانی بزانن و چاویان لە کەل و پەلەکان بێت و بیپارێزن چونکە بۆ خزمەتی خۆیانە، هەروەها لەنزیکەوە گوێی لەڕاوبۆچوون و کێشەو گیرو گرفتی قوتابیان گرت و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێدان.

شیاوی باسە باڵەخانەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوە کە لەگەڵ سروشتی بەشەکە بگونجێت جگە لەوەش کورسی و مێزەکانی خوێندن بەشێوەیەکن کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ کاتی وانە خوێندن هەروەها دروستکردنی تیم، کە قوتابیان دەتوانن کورسی و مێزەکان بەشێوەی بازنەیی ریز بکەن بۆ ئەوەی بەچەند دانەیەک مێزێکی گفتوگۆی بەکۆمەڵ دروست بکرێت.

 

پەیامی پیرۆزبایی ڕاگری پەیمانگە بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی

پەیامی پیرۆزبایی ڕاگری پەیمانگە بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی

مامۆستا وفەرمانبەر و قوتابیانی ئازیز…

بەیانی شەممە 16ی ئەیلول2023 دەستپێکی سالێکی تازەی خوێندنی ئەکادیمیە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر- پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، ساتێکە بۆداڕشتنی پلان وئامانجی نوێ و، دۆزینەوەی توانا شاراوەکانت. بۆیە، بەم بۆنەیەوە بە ناوی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەتان دەکەین. بەو هیوایەی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی 2023-2024 ببێتە زیاتر بەدیهێنانی ئامانجی نوێی ئەکادیمی و بەرزکردنەوەی توانا شاراوەکانتان.

قوتابیانی ئازیز..
ئێمە لە ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەرسۆر پابەندین بە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاریکار کە بیرۆکە و تواناکان تیایدا گەشە بکەن و مەعريفە بەرهەم بهێنێت. ستافی ئەکادیمی و فەرمانەبەرە دڵسۆزەکانمان هەمیشە لێرەن بۆهاوکاریکردن و ڕێنماییکردنتان.

ئێمە لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و تەکنیکی هەمەچەشن و زیندوو، هانتان دەدەین ئەو دەرفەتانە لە خوێندن و خۆ پێگەیاندن لە باوەش بگرن کە چاوەڕێتان دەکەن. ئەرکەکانتان وەک هەمیشە بەوپەڕی تواناوە جێبەجێ بکەن و بەشداری لە چالاکیە ئەکادیمیەکان و توێژینەوەی زانستی بکەن کە خزمەت بە ئێوەو کۆمەڵگە و وڵات بگەیەنێت بە سوود وەرگرتن لەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدایە.

بەسەر بردنی کاتەکانت لە ناوحەرەمی پەیمانگە تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە نییە؛ بەڵکو هاوکات بۆپێشخستنی توانا و کارامەییەکانتانە لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانتان بۆ بەدواداچوون بۆ دیدگا جیاوازەکان و بەشداریکردن لە تابلۆی دەوڵەمەندی بیرۆکەکان کە زانکۆ و پەیمانگەکەمان جوانتر و ئاست بەرزتر دەکەن. بۆیە، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتن تەنها بە نمرەکان پێوانە ناکرێت بەڵکو بە زانست و زانیاری بەدەست هاتوو دەپێورێت، ئەمە جگە لەو کار و پەیوەندیانەش کە لە ئەنجامی کارکردنی بەتیم بۆ لەیەکتر فێربوون بەدەست دێت.

لەکاتێکدا، ئێمە بەناو ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی ئەم ساڵەی خوێندندا دەڕۆین، پەیمانگەکەمان وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و تەکنیکی ، بەردەوام لە گەشەسەندندایە. لەم ساڵەی خوێندندا چەندین کاری گرنگ لە بواری زانستی و توانا مرۆیی و ژێرخان و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، دەتوانین بەسەر هەر بەربەستێکدا زاڵ بین کە دێتەبەردەممان بە ئیرادە و دڵسۆزی و پابەندبوونێکی هاوبەش دەتوانین دەستکەوتی ئەکادیمی زیاتریش بەدەستبهێنین.

بۆیە ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەین کە شایەتحاڵی دەستکەوتەکانتان بین لە بواری ئەکادیمی بەدرێژایی ئەم ساڵەی خوێندن. دووبارە بەخێربێنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

د.طالب محمد شریف عمر
سەرۆکی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکینیکی مێرگەسۆر
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر