سەرۆکی زانکۆ بەفەرمی باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کردەوە

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە مەراسیمێکدا باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر کردەوە.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی پ.ی.د.ئازاد احمد و سەرجەم سەرۆك بەشەکانی کۆلێژی ناوبراو و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیان، باڵەخانە نوێیە بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە کرایەوە.

لەوتەیەکیدا د.ئیدریس پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو باڵەخانە نوێیەی لە ڕاگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەران قوتابیان کرد و بە قوتابییانی راگەیاند، “پیرۆزباییتان لێدەکەم ئێوە لە ئێستادا لە یەکێک لە باشترین بەشە زانستییەکانی ئەم کۆلێژە و گشت زانکۆکانی کوردستان دەخوێنن کە پێویستی ئێستای بازاڕی کارە لە هەموو جیهان”، هەروەها هیوای خواست قوتابیان بەماڵی خۆیانی بزانن و چاویان لە کەل و پەلەکان بێت و بیپارێزن چونکە بۆ خزمەتی خۆیانە، هەروەها لەنزیکەوە گوێی لەڕاوبۆچوون و کێشەو گیرو گرفتی قوتابیان گرت و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێدان.

شیاوی باسە باڵەخانەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوە کە لەگەڵ سروشتی بەشەکە بگونجێت جگە لەوەش کورسی و مێزەکانی خوێندن بەشێوەیەکن کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ کاتی وانە خوێندن هەروەها دروستکردنی تیم، کە قوتابیان دەتوانن کورسی و مێزەکان بەشێوەی بازنەیی ریز بکەن بۆ ئەوەی بەچەند دانەیەک مێزێکی گفتوگۆی بەکۆمەڵ دروست بکرێت.