پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە ئێرڤن هیکس،کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، هاوکات کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی زانکۆ لەسەر ئاستی کۆلیژ و پەیمانگا و بەشەکانی کرد.
پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی هاوکات باسی لە گرنگی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەشێوەیەکی گشتیی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەتایبەتی کرد بۆ پێگەیاندنی دەرچووانی وەک کادری ناوەندی بۆ سوود گەیاندن بە کەرتی گشتیی و تایبەت.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە بایەخدانی زانکۆ بەو بەشانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین هەلیکاریان لە کەرتی تایبەتدا بۆ دەڕخسێت، هاوکات باسی لە پلانی زانکۆ کرد بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێویستی بازاڕی کار کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی باسی لەو بەرنامە هاوبەشانە کرد کە لەنێوان رێکخراوەکانی ئەمریکا و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵگا بەهاوبەشی ئەنجامدراون و بۆ ئەمەش داوای بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکای کرد.
لای خۆیەوە، ئێرڤن هیکس،کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ پێشوازیی و رەخساندنی دەرفەت بۆ دیداریان لە ناوەندی زانکۆدا.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە گرنگییەوە باسی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی زانکۆ بایەخ بە بەش و پڕۆگرامەکانی خوێندن دەدات بە خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و بازاڕی کار.
ئێرڤن هیکس پشتیوانی خۆی بۆ کاری پێکەویی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دووپات کردەوە و لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی بەردەوامدابن بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەویی بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا و رەخساندنی هەلیکار بۆ دەرچووانی زانکۆمان.