یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی بەغدا واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆیان لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ کرد.

رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەردانی زانکۆی بەغدای کرد لە لایەن پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە پ.ی.د.نەجیب تۆما، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوو، باس لە پێویستی هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو زانکۆ بەتایبەت لە بواری ئەکادیمی و زانستی کرا.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی بەغدا کورتەیەکی لەسەر مێژووی زانکۆی بەغدای بۆ شاندی میوان باس کرد کە یەکەم خولی دەرچووانی زانکۆکە لە ساڵی ١٩١١ بووە، هاوکات باس لە مێژووی دروستبوونی یەک بەیەکی کۆلێژەکانی سەربە زانکۆکەی کرد.

لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی بەغدای کرد بۆ پێشوازییان، هاوکات کورتەیەکی لەبارەی مێژووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆلێژەکانی بۆ سەرۆکی زانکۆی بەغدا خستەڕوو.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە کار و چالاکییەکانی زانکۆی بەغدا نیشانی ئامادەبووان درا.

پاشان یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو زانکۆ لە لایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆ کرا.

بەگوێرەی یاداشتەکە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت، وێڕای پەرەپێدان بە هەماهەنگیی ئەکادیمی و زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆ، هاوکات هەردوولا کار دەکەن بۆ ناردنی مامۆستا و توێژەران و فەرمانبەرانی کارگێری بۆ زانکۆکانی یەکتر بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر.

هەروەها هەردوو زانکۆ قوتابیانیان بۆ مەشقی هاوێنە بۆ زانکۆکانی یەکتر دەنێرن، هاوکات کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و وۆرکشوپ و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی، پڕۆگرامەکانی خوێندن، توێژینەوەی زانستی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی، هەروەها هەردوو زانکۆ بە هەماهەنگیی کاردەکەن بۆ رێکخستنی چالاکی ئەکادیمی و زانستی.

دوای ئاڵوگۆڕی دیاری و لۆگوی هەردوو زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکی زانکۆی بەغدا گەڕانێکیان بەناو زانکۆی بەغدا کرد و لەناو تاوەری زانکۆوە شوێنی مێژوویی بەغدا و زانکۆی بەغدا لەسەر رووباری دیجلە نیشانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درا.