Daily Archives: ئایار 24, 2023

پەیمانگەی تەکینیکی مێرگەسۆر خەڵاتی رێزلێنان دەبخشێتە دوو منداڵە شەهید

پەیمانگەی تەکینیکی مێرگەسۆر خەڵاتی رێزلێنان دەبخشێتە دوو منداڵە شەهید

دوای ئەوەی دوو منداڵە شەهید وەک میوانێکی رۆح سووک بەشدارییان کرد لە مەراسیمی بەفەرمی کردنەوە و ناساندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە رۆژی 9ـی ئایاری 2023، ئەمڕۆ راگری پەیمانگە (د. طالب محەمەد شەریف ) لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەو دوو منداڵە بەناوەکانی (نهال عبدولسەلام مەعروف و، رەیان زێرۆ حسن).

لە کاتی پێشکەش کردنی خەڵاتەکە، راگری پەیمانگە وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و گوتی: خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ پەیمانگەیەک کراوەتەوە لەم دەڤەرە قارەمان و شۆڕشگێڕە و خزمەتی کچ و کوڕی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری و هەموو کوردستان دەکات، ئەمەش بەری رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگە گیان لەسەردەست و شەهیدەکانمانە کە بەهۆیانەوە کوردستان ئازادە و دەتوانرێت ناوەندێکی ئەکادیمی لەم شێوەیە بکرێتەوە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی دوارۆژی ئەم نیشتمانە، بۆیە زۆر خۆشحاڵ و شادمانین بە بەخشینی ئەم خەڵاتە بەم منداڵە شەهیدانە کە لەسایەی بێ ناز بوونی ئەمانە ئێمە لە ژیاندا ماوین و دەتوانین خزمەتێکی بچووک بکەین بە وڵاتەکەمان.

سێ یەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیان لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو

سێ یەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیان لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو

رۆژی یەک شەمە ٢٠٢٣/٥/١٤ کۆنفرانسی ساڵانەی قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەرێوەچوو.

کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە پێشکەشکردنی (٨٦) توێژینەوەی قوتابیانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ گشت پسپۆریەکان لە چەند پانێڵێکی جیاواز.

دوای پێشکەشکردنی توێژینەوەکان، بڕوانامەی بەشداریکردن لەلایەن بەرێزان سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محمد طاهر هەرکی و ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەرێز د. طالب محمد شریف پێشکەش بە قوتابیان و مامۆستایانی سەرپەرشتیار و ئامادەکارانی کۆنفرانس کرا.

لە کۆتای کۆنفرانسەکە گەشتێکی زانستی بۆ سەرجەم قوتابیان رێکخرا بۆ بارزان وبە مەبەستی سەردانی کردنی مۆزەخانەی نیشتیمانی بارزانی

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

بە ئامادەبوونی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەرێوەچوو

بە ئامادەبوونی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری بەرێوەچوو

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، نوێنەری سەرۆکی هەرێم، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، بەڕێوبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک کەسایەتی و پیاوماقولانی دەڤەرەکە و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیان، رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، دواتر راگری پەیمانگە د. طالب محەمەد شەریف وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتن و سوپاسی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و دەستگرتنەی بەڕێزیان بە پەیمانگە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پەیمانگە تا ئەم ساتە.
دواتر بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرپرسانی هاوکار لە دامەزراندنی یەکەمین دامەزراوەی ئەکادیمی لە دەڤەرەکە کرد و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ گەنجانی قەزای مێرگەسۆر و دەڤەری بارزان و رایگەیاند ئەمە بچووکترین دیاری ئێمەیە بۆ ئەم دەڤەرە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە و هیواداریم لێمانی قبوڵ بکەن.
پاشان لە پارچە ڤیدیۆیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “کردنەوەی ئەم پەیمانگەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ دەڤەرەکە خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە بتوانین خزمەتی ئەم دەڤەرە بکەین و وەک زانکۆ هەوڵ دەدەین ئەو پسپۆڕییانەی لەم پەیمانگەیە دەخوێندرێن لەگەڵ سروشتی دەڤەرەکە و بازاڕی کار بگونجێنین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێکی دیکەی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکرێتەوە ئەویش بەشی پەرستارییە کە دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری بە کارمەند و یاریدەدەری پزیشکی لە گەنجانی دەڤەرەکە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی کەرتی تەندروستی لە ناوچەکە”.
دواتر کورتە ڤیدۆیەک لەسەر چۆنییەتی دامەزراندن و قۆناغەکانی بنیاتنانی پەیمانگە، هەروەها ستراتیژ و بەرنامەی داهاتووی پەیمانگەی تێدا روونکرایەوە.
بەر لە کۆتایی رێوڕەسمەکە رێزلێنان بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هەریەک لەو بەڕێزانەی کە لە ماوەی رابردوودا یارمەتیدەر و هاوکار و پاڵپشتیکارێکی گرنگ بوون لە دامەزراندن و کردنەوە و پەرەپێدانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام کرد کە لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.

شاندێک کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەناوی ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام دەکەن کە لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.

هەریەک لە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکایەتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و سلێمانی هەروەها یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.

کۆنفرانسەکە لەلایەن رێکخراوی Isdeharak بە هاوکاری نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رێخکراوە و لە میانیدا باس لە چۆنییەتی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات دەکرێت.

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا باس لە رۆڵی پەروەردە و خوێندن لە پێشکەشکردنی کارامەیی پیشەیی لە بواری کشتوکاڵ دەکرێت.