Daily Archives: ئایار 3, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی کۆمەکی دارایی بۆ پرۆژە رێکخست


رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 3ـی ئایاری 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان، وۆرشۆپێکی تایبەت بە چۆنییەتی بەدەستهێنانی کۆمەکی دارایی بۆ توێژینەوەی بۆ ژمارەیەک مامۆستا و توێژەری زانکۆ رێکخست.

لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا پ.ی.د. نجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خێندنی باڵا بەخێرهاتنی پێشکەشکاران و بەشداربووانی کرد و ئەنجامدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانەی بەگرنگ وەسف کرد بۆ توێژەر و مامۆستایانی زانکۆمان هەروەها دەستخۆشی لە بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ رێکخستنی چالاکییەکە.

لە سیمیناری یەکەمدا د. رۆژین مامۆستا لە دەستەی کوردستانی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی/ سلێمانی و هاوبەڕێوبەری تۆڕی نەهرەین بابەتێکی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی (چۆنییەتی وەرگرتنی کۆمەکی دارایی بۆ توێژینەوە)، سیمیناری دووەم لەژێر ناونیشانی (نووسینی پۆرپۆزەڵ) لە لایەن د. ئادەم هایکڵ سەرۆکی بەشی پرۆژە لە سەنتەری ئینتەرناشناڵ ئۆفیس لە (زانکۆی ماساریک)ـی چیکی بەڕێوەچوو، لە کۆتاییشدا د. رەنج سیروان بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولیر بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (بەڕێوەبردنی پرۆژە) پێشکەشکرد.
شیاوی باسە لە وۆرکشۆپەکەدا 35 مامۆستا و توێژەر بەشداربوون.

 

سەردانی سەرۆکی زانکۆ

ئەمڕۆ ڕێکەوتی:٢٠٢٣/٥/٣
بەڕێز پ.د. ادریس محمد طاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی ھەولێر سەردانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێری کرد. لەلایەن بەڕێز پ.ی اومێد ارشد حوێزی ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر پێشوازی لێکرا. دواتر سەردانی بەشە زانستیەکانی پەیمانگای کرد و ھۆڵ وتاقیگەکانی قوتابیانی بەسەر کردەوە

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە مەراسیمێکدا بەنێودەوڵەتی بوونی گۆڤاری پۆلیتەکنیکی راگەیاند

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 3ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی کوردستان و بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەرلەمانتار و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆمان و مامۆستا و توێژەرانی هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و هەولێری پزیشکی، لە هەنگاوێکی ناوازەدا مەراسیمی ناساندنی گۆڤاری پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک گۆڤارێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان باسی لە گرنگی ئەم هەنگاوە ستراتیژی و ناوازەیە کرد و رایگەیاند: “خۆشحاڵین ئەمرۆ لەگەڵ بەڕێزتان بەشدارین لە مەراسیمی ناساندنی پۆلیتەکنیک جۆرناڵ کە تۆمارکراوە لە پلاتفۆرمی (ئێڵسێڤیێردیجیتاڵ کۆمۆنس).

بەڕێزان ئەگەر تەماشا بکەین لەم چەند ساڵەی دواییدا زانکۆکانی جیهان بەگشتی گۆڕانکاری زۆر لە سیستەمی زانکۆکان خوێندنی باڵا ئەنجامدراوە ئەوەی کە دەیبینین زانکۆکان فەرهەنگی بەنێودەوڵەتی بوونی زانکۆکانیان پەیڕەو دەکەن، و ئەو زانکۆیانەی کە بەرەو نێودەوڵەتی بوون هەنگاویان ناوە لە لە رانکینگی جیهانی زۆر بە پێش ئەو زانکۆیانە کەوتوون کە نەیانتوانیوە زانکۆکانیان بەرەو نێودەوڵەتی بوون ببەن.

لە راستیدا بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆیەکی هەرێمی یان زانکۆیەکی ناوخۆیی پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی و هەمیشەیی هەیە لە فەلسەفە و ئاراستەکردنی زانکۆ و ستراتیژیەتی زانکۆدا، بۆیە پێویستە سەرکرایەتی زانکۆکان ئەو فەلسەفەیە بەکاربهێنن. ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە زۆر بواردا بەردەوام کارمان لەسەر بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆ کردووە، ئەگەر بتەوێ زانکۆیەک بەنێودەوڵەتی بکەیت پێویستە بە هەموو دام و دەزگاکانی نێو زانکۆیەکە و پرۆگرام و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆیەکانی دیکە، بە هەموو ئەو ئاراستانە کاربکەیت.

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەبەستمان لەم هەنگاوە ئەوەبووە کە بتوانین توێژەری زانکۆمان و زانکۆکانی هەولێر و کوردستان بەگشتی بتوانن توێژینەوەکانیان بەنێودەوڵەتی بکرێت، چونکە قوتابی ماستەر و دکتۆرامان هەیە ناچار دەبن لە جۆرناڵێکی لۆکاڵی توێژینەوەکانیان بڵاوبکەنەوە، دڵنیام زۆرێک لەو توێژینەوانەی کە بە لۆکاڵی بڵاودەکرێنەوە ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کارێکی زۆر باش و لە پێشینە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گۆڤارێکی لۆکاڵی هەڵدەسەنگێندرێت و هەر لۆکاڵیش دەیخوێنێتەوە رەنگە زۆر بەدیار نەکەوێت، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو دەستپێشخەرییە بکەین و بتوانین جۆرناڵی پۆلیتەکنیک لەسەر پلاتفۆرمی ئێڵسێڤیێر تۆمار بکەین بۆ ئەوەی توێژەرانمان بە ئاسانتر توێژینەوەکانیان بەنێودەوڵەتی بکەن.

ئومێدمان وایە کە بتوانین لە داهاتوودا کار لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن بتوانین زانکۆمان بەنێودەوڵەتی بکەین، دووبارە بەخێربێن و هیوادارین ئەم جۆرناڵە دەرگایەکی تازە بێت بۆ هەموو مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان”.

پاشان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاورباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.ی.د. نجیب تۆما، کورتەیەکی دەربارەی مێژووی گۆڤاری پۆلیتەکنیک بۆ ئامادەبووان باسکرد و وردەکاری و شێوازی کارکردنی لە رابردوو و ئێستا و هەروەها ئەو قۆناغانەی کە گۆڤارەکەی پێدا تێپەڕ بووە بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

دواتر لە لایەن پ.ی.د. کاروان وەسمان و د. رەوەز ئەحمەد کوردە بە هاوبەشی باسیان لە کارەکانی تۆمارکردن و جێبەجێ کردنی کارەکانی گۆڤارەکە لە پلاتفۆرمەکە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە و خۆتۆمارکردنی توێژرانیان روونکردەوە، هەروەها مژدەیەکیش لە لایەن بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس درایە توێژەران کە توێژینەوەکانیان لەم گۆڤارە بە بێ بەرامبەر بڵاودەکرێتەوە

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە نوێنەری رێکخراوێکی یابانی و شاندێکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 3ـی ئایاری 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی لە نوێنەری رێکخراوی (IVY) ـی یابانی و شاندێکی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانی لە عێراق کرد.

شاندی میوان پێکهاتبوون لە تکاشی سیتۆ بەڕێوبەری پرۆژە لە عێراق و سوریا لە رێکخراوی (IVY)ـی یابانی، حسین هەناری بەڕێوبەری گشتی سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق و سەرۆک نووری بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای ناوبراو.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و م. فەرهاد عثمان رێکخەری پەیوەندی لەگەڵ شاندی میوان و مامۆستایانی بەشی ئۆتۆمبێل ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتە باسێکی لە بارەی ستراتیژیەتی کارکردنی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێلی وەک تاکە بەش لەسەر ئاستی کوردستان بۆ شاندی میوان کرد و شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کارکردن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەروەها گفتوگۆکرا دەربارەی هاوکاری کردنی بەشی ناوبراو لەرووی تاقیگە و هاوکاری لۆجستی و خولی راهێنان و هاوکاری کردنی مامۆستایانی بەشەکە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کە هەردوو لا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای تۆیۆتا پڕۆپۆزەڵێک ئامادەبکەن بۆ هاوکاری کردنی بەشەکە و دەرچووانی چ لە رووی کردنەوەی خولی راهێنان ودابینکردنی پێداویستی لۆجستی چ لەرووی دۆزینەوەی هەلیکاری زیارتر بۆ دەرچووانی بەشەکە لە کۆمپانیای تۆیۆتا.

 شیاوی باسە لە ئێستادا ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل هەلیکاریان لە کۆمپانیای ناوبراو بۆ رەخسێندراوە و بەپێی ئەو پڕۆپۆزەڵەش ژمارەیان زیاتر دەکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ شاندی میوان بەیاوەری راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی و سەرۆک بەش و مامۆستایانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبیل سەردانی بەشەکەیان کرد و هۆڵ و تاقیگە و وەرشەکانیان بەسەرکردەوە.