زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە مەراسیمێکدا بەنێودەوڵەتی بوونی گۆڤاری پۆلیتەکنیکی راگەیاند

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 3ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی کوردستان و بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەرلەمانتار و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆمان و مامۆستا و توێژەرانی هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و هەولێری پزیشکی، لە هەنگاوێکی ناوازەدا مەراسیمی ناساندنی گۆڤاری پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک گۆڤارێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان باسی لە گرنگی ئەم هەنگاوە ستراتیژی و ناوازەیە کرد و رایگەیاند: “خۆشحاڵین ئەمرۆ لەگەڵ بەڕێزتان بەشدارین لە مەراسیمی ناساندنی پۆلیتەکنیک جۆرناڵ کە تۆمارکراوە لە پلاتفۆرمی (ئێڵسێڤیێردیجیتاڵ کۆمۆنس).

بەڕێزان ئەگەر تەماشا بکەین لەم چەند ساڵەی دواییدا زانکۆکانی جیهان بەگشتی گۆڕانکاری زۆر لە سیستەمی زانکۆکان خوێندنی باڵا ئەنجامدراوە ئەوەی کە دەیبینین زانکۆکان فەرهەنگی بەنێودەوڵەتی بوونی زانکۆکانیان پەیڕەو دەکەن، و ئەو زانکۆیانەی کە بەرەو نێودەوڵەتی بوون هەنگاویان ناوە لە لە رانکینگی جیهانی زۆر بە پێش ئەو زانکۆیانە کەوتوون کە نەیانتوانیوە زانکۆکانیان بەرەو نێودەوڵەتی بوون ببەن.

لە راستیدا بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆیەکی هەرێمی یان زانکۆیەکی ناوخۆیی پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی و هەمیشەیی هەیە لە فەلسەفە و ئاراستەکردنی زانکۆ و ستراتیژیەتی زانکۆدا، بۆیە پێویستە سەرکرایەتی زانکۆکان ئەو فەلسەفەیە بەکاربهێنن. ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە زۆر بواردا بەردەوام کارمان لەسەر بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆ کردووە، ئەگەر بتەوێ زانکۆیەک بەنێودەوڵەتی بکەیت پێویستە بە هەموو دام و دەزگاکانی نێو زانکۆیەکە و پرۆگرام و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆیەکانی دیکە، بە هەموو ئەو ئاراستانە کاربکەیت.

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەبەستمان لەم هەنگاوە ئەوەبووە کە بتوانین توێژەری زانکۆمان و زانکۆکانی هەولێر و کوردستان بەگشتی بتوانن توێژینەوەکانیان بەنێودەوڵەتی بکرێت، چونکە قوتابی ماستەر و دکتۆرامان هەیە ناچار دەبن لە جۆرناڵێکی لۆکاڵی توێژینەوەکانیان بڵاوبکەنەوە، دڵنیام زۆرێک لەو توێژینەوانەی کە بە لۆکاڵی بڵاودەکرێنەوە ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کارێکی زۆر باش و لە پێشینە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گۆڤارێکی لۆکاڵی هەڵدەسەنگێندرێت و هەر لۆکاڵیش دەیخوێنێتەوە رەنگە زۆر بەدیار نەکەوێت، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو دەستپێشخەرییە بکەین و بتوانین جۆرناڵی پۆلیتەکنیک لەسەر پلاتفۆرمی ئێڵسێڤیێر تۆمار بکەین بۆ ئەوەی توێژەرانمان بە ئاسانتر توێژینەوەکانیان بەنێودەوڵەتی بکەن.

ئومێدمان وایە کە بتوانین لە داهاتوودا کار لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن بتوانین زانکۆمان بەنێودەوڵەتی بکەین، دووبارە بەخێربێن و هیوادارین ئەم جۆرناڵە دەرگایەکی تازە بێت بۆ هەموو مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان”.

پاشان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاورباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.ی.د. نجیب تۆما، کورتەیەکی دەربارەی مێژووی گۆڤاری پۆلیتەکنیک بۆ ئامادەبووان باسکرد و وردەکاری و شێوازی کارکردنی لە رابردوو و ئێستا و هەروەها ئەو قۆناغانەی کە گۆڤارەکەی پێدا تێپەڕ بووە بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

دواتر لە لایەن پ.ی.د. کاروان وەسمان و د. رەوەز ئەحمەد کوردە بە هاوبەشی باسیان لە کارەکانی تۆمارکردن و جێبەجێ کردنی کارەکانی گۆڤارەکە لە پلاتفۆرمەکە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە و خۆتۆمارکردنی توێژرانیان روونکردەوە، هەروەها مژدەیەکیش لە لایەن بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس درایە توێژەران کە توێژینەوەکانیان لەم گۆڤارە بە بێ بەرامبەر بڵاودەکرێتەوە