بە ئامادەبوونی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەرێوەچوو

بە ئامادەبوونی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری بەرێوەچوو

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، نوێنەری سەرۆکی هەرێم، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، بەڕێوبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک کەسایەتی و پیاوماقولانی دەڤەرەکە و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیان، رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، دواتر راگری پەیمانگە د. طالب محەمەد شەریف وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتن و سوپاسی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و دەستگرتنەی بەڕێزیان بە پەیمانگە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پەیمانگە تا ئەم ساتە.
دواتر بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرپرسانی هاوکار لە دامەزراندنی یەکەمین دامەزراوەی ئەکادیمی لە دەڤەرەکە کرد و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ گەنجانی قەزای مێرگەسۆر و دەڤەری بارزان و رایگەیاند ئەمە بچووکترین دیاری ئێمەیە بۆ ئەم دەڤەرە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە و هیواداریم لێمانی قبوڵ بکەن.
پاشان لە پارچە ڤیدیۆیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “کردنەوەی ئەم پەیمانگەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ دەڤەرەکە خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە بتوانین خزمەتی ئەم دەڤەرە بکەین و وەک زانکۆ هەوڵ دەدەین ئەو پسپۆڕییانەی لەم پەیمانگەیە دەخوێندرێن لەگەڵ سروشتی دەڤەرەکە و بازاڕی کار بگونجێنین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێکی دیکەی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکرێتەوە ئەویش بەشی پەرستارییە کە دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری بە کارمەند و یاریدەدەری پزیشکی لە گەنجانی دەڤەرەکە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی کەرتی تەندروستی لە ناوچەکە”.
دواتر کورتە ڤیدۆیەک لەسەر چۆنییەتی دامەزراندن و قۆناغەکانی بنیاتنانی پەیمانگە، هەروەها ستراتیژ و بەرنامەی داهاتووی پەیمانگەی تێدا روونکرایەوە.
بەر لە کۆتایی رێوڕەسمەکە رێزلێنان بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هەریەک لەو بەڕێزانەی کە لە ماوەی رابردوودا یارمەتیدەر و هاوکار و پاڵپشتیکارێکی گرنگ بوون لە دامەزراندن و کردنەوە و پەرەپێدانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.