رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 30ـی نیسانی 2023 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی و کەسایەتی و رۆژنامەنووسی بە ئەزموون مەراسیمی یادی 125 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەڕێوەچوو، کە لە لایەن هەردوو بەشی راگەیاندنی کۆلێژ و پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر رێکخرابوو.
رێوڕەسمەکە بە گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد پاشان سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد ئەمەش دەقی وتەکەی بەڕێزیان:
“بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
بەناوى سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و راگرایەتی کۆلێژى تەکنیکى کارگێرى و راگرایەتی پەیمانگەى تەکنیکى کارگێرى هەولێر هەردوو بەشى راگەیاندن و میدیا ، بەخێرهاتنى میوانە بەڕێزەکان دەکەین و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین.
لە یادى 125 ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردى کە لە 22ـى نیسانى ساڵى 1898 بۆیەکەمجار رۆژنامەیەک بەزمانى شیرینى کوردى لەمیسر چاپکرا، قەشەنگترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامهنووسان و میدیاكارانی كوردستان دهكهین، بەم بۆنە پیرۆزەشەوە هەردوو بەشى راگەیاندن لە پەیمانگە و تەکنیکی میدیا کۆلێژ ئەم رێوڕەسمەیان رێکخست و ئەم یادە زیندوودەکەنەوە.
بەڕێزان بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و بەشی راگەیاندن لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر ساڵانە چەندین کادری پرۆفیشناڵ لە بواری راگەیاندن پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکەن، هیوادارین ئەم دوو بەشە کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبێت لەسەر زمان و کۆمەڵگە.
بەڕێزان یادکردنەوەى هەر بیرەوەرییەک چ خۆش یا بیرەوەرى ناخۆش و بەتایبەتیش بیرەوەرییە نەتەوەییەکان رۆلێکى گەورەى هەیە لەهۆشیارکردنەوەى گەنجان و لاوان و زیاتر هانیان دەدات و شانازى بەنەتەوەکەیانەوە بکەن و ئیلهام بەخشە بۆکار و داهێنان و قوربانیدانى مرۆڤ، بۆیە ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەردەم پشتگیری لە یادکردنەوەی ئەو بیرەوەرییانە دەکەین.
بەڕێزان ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی پێبدەم بابەتی راگەیاندن لەناو کۆمەڵگەدا ئەگەر سەرنجى پێناسەى راگەیاندن بدەیین لەگەڵ ئەرکەکانى زمان لەکۆمەڵگادا یەک دەگرنەوە ، هەروەها ئەگەر سەرنجى پێناسەى زمان بدەیین لەگەڵ ئەرکەکانى راگەیاندن لەکۆمەڵگادا یەک دەگرنەوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە کە راگەیاندن ئامرازێکی زۆر زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتن و زیندوو هێشتنەوەی زمان بۆیە پێویستە قوتابیان و گەنجانمان زمانی کوردییان خۆشبوێت، چونکە خۆشەویستی زمان واتا خۆشەویستی خاک و نیشتمان، و ئەرکی ئێمەی مامۆستایە قوتابییان لەسەر خۆشویستنی زمانی کوردی پەروەردە بکەین.
بەڕێزان لەکۆتاییدا ئەو پەیڤ و دێرە شیعرەى هەڵبەستڤان و نووسەرى ئیزیدى لە ئەرمینیا شکۆی حەسەن بێنمەوە یادتان کە ئارام دیکران بە گۆرانى و ئاواز دەیڵێتەوە و دەڵێت :
ب خەمل و رەوشە شیرین و خوەشە
شيرين و خوەشە زمانی کوردی
ب خوەش ئاوازە لەتیف و نازە
لەتيف و نازە زمانی کوردی
هیوادارین لەم یادانەدا زیاتر بتوانین وانەیەکی تازە لە خۆشەویستی زمان بە قوتابیان بگەیەنین، دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادە لە سەرجەم میدیاکارانی کوردستان دەکەین هەروەها پیرۆزبایی لە قوتابیانی هەردوو بەشی راگەیاندن لە کۆلێژ و پەیمانگەی کارگێری هەولێر دەکەین کە داهاتووی میدیای ئەم نیشتمانەن، لەکۆتاییدا دەستخۆشى لە لیژنەى ئامادەکاری ئەم رێوڕەسمە بکەم ئومێدەوارم ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز رابگرن. هەر شاد و سەرکەوتووبن”.
پاشان پانێڵێک لە لایەن د. بەهات حەسیب قەرەداغی لەسەر رەوشی میدیا و میدیاکاران لە کوردستان بەڕێوەچوو، بە بەشداری بەڕێز د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز ئازاد جوندیانی کەسایەتی سیاسی، بەڕێز د. کوردستان موکریانی نووسەر، ئەكادیمیست، زمانزان و سەرۆكی پێشووی ئەكادیمیای كوردی.
بەشدارانی پانێڵەکە بەشێوەیەکی ورد باسیان لە رەوشی میدیا و کێشە و گرفتەکانی بەردەمی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە پاشان بە پرسیاری ئامادەبووان پانێڵەکە دەوڵەمەندتر کرا و لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامدرانەوە، ئاشان خەڵاتی ریزلێنان بەخشرایە بەشداربووانی پانێڵەکە.
هەر لە یادەکەدا چەند چالاکییەکی قوتابیان و پێشانگای کتێبی بەرهەمی مامۆستایانی زانکۆمان نیشاندران لە کۆتاییشدا چەند بەرهەم و پرۆژەیەکی قوتابیان کە پێکهاتبوو لە چەند ڤیدیۆ و دیکیۆمێنتارییەک بۆ ئامادەبووان نمایشکران.