Monthly Archives: حوزه‌یران 2022

سەرۆکی زانکۆ سەردانی کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکات

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 26ـی حوزەیرانی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەیاوەری راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی ئیماراتیان کرد و لە لایەن کونسوڵی گشتی بەڕێز ٲحمد ٳبراهیم سعید الظاهري پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵ بەڕێز ٲحمد الظاهري، سەرۆکی زانکۆ د ئیدریس هەرکی کورتەیەکی دەربارەی زانکۆ باسکرد، هەروەها گفتوگۆ کرا دەربارەی دروستکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و کونسوڵخانەی ناوبراو.

مەبەستی سەردانەکە زیاتر ناساندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەروەها دروست کردنی پەیوەندی بوو لە نێوان کونسوڵخانەی ئیمارات و رێگەی ئەوانیشەوە بۆ هاوئاهەنگی کردن لە بواری ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکانی وڵاتی ئیمارات و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی بەرگری شارستانی هێنا

لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 16ـی حوزەریرانی 2022 لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر کۆتایی هێنا بە خولێکی بەرگری شارستانی کە بۆ نوێنەری هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگەکان و ژمارەیەک فەرمانبەری سەرۆکایەتی زانکۆ کرابوویەوە.


رۆژی پێنج شەممە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاوباری کارگێری و قوتابییان کۆتایی بە خولەکە هات و بڕوانامە بەخشرایە ئەفسەر و کارمەندانی بەرێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر و بەشداربووان.


شیاوی باسە خولەکە بۆ ماوەی 5 رۆژ لە 12 تا 16ـی حوزەیرانی 2022 بەردەوام بوو کە تیایدا هونەری چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کۆی ڕووداو و کارەساتەکانی ئاگرکەوتنەوە، سووتان، روداوی هاتووچۆ و رزگارکردن، چۆڵکردنی باڵەخانەکان و فریاگوزاری سەرەتایی و ڕۆڵی بەرگری شارستانی بۆ بەشداربووان بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی روونکرایەوە بەپێی خشتەی دیاریکراو.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆری کرد

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژانی 12 و13ـی حوزەیرانی 2022 لە هۆتێل رۆیاڵ بەشدارییان کرد لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆری کە لە لایەن رێکخراوی یونسکۆ بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پرۆژەی (تی.ڤی.ئی.تی-2)ـە بۆ پەرەپێدانی پرۆسەی دڵنیایی جۆری، کە هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و چوار زانکۆی تەکنیکی عێراق بەشداربوون تیایدا.

هەر لەو وۆرکشۆپەدا بۆردی دڵنیایی جۆری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرێزنتەیشنێکیان پێشکەشکرد دەربارەی سیستەمی (ئی.سی.تی.ئێس) و کارەکانی دڵنیایی جۆری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەروەها پلانی داهاتووی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی زانکۆیان بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

شیاوی باسە پرۆژەی (تی.ڤی.ئی.تی-2) پاڵپشتی دارایی دەکرێت لە لایەن یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی یونسکۆ سەرپەرشتی دەکات کە بەمەبەست لێی پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و سیستەمی (ئی.سی.تی.ئێس)ـە لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان.

شاندێکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر سەردانی زانکۆی (تی ئێچ ئێم)ـی ئەڵمانی دەکەن

شاندێکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر کە پێکهاتبوو لە بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، بەڕێوبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و مامۆستایەکی زانکۆکەمان سەردانی زانکۆی (تی ئێچ ئێم) لە شاری گیسنی ئەڵمانی کرد و لەگەڵ سەرۆک زانکۆ و جێگرەکەی و بەڕێوبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی (تی.ئێچ.ئێم)  کۆبوونەوە.

سەردانەکە لە چوارچێوەی جێ بەجێ کردنی کارەکانی پرۆژەی هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆکە بوو کە لەلایەن رێکخراوی داد(دی.ئەی.ئەی.دی)ـی ئەڵمانی کۆمەک کراوە بەمەبەستی دامەزراندنی تاقیگەی زانستی لە بواری ووزەی نوێبووەوە

(Renewable Energy)

 لە زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر، لەوبارەیەوە شاندی زانکۆمان زنجیرەیەک کۆبوونەوە و سەردانیان لە رێکەوتی 7/6/2022 تا 11/6/2022 ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی (تی.ئێچ.ئێم) و جێگرەکەی و بەڕێوبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی ناوبراو و رێکخەری رێکخراوی داد(دی.ئەی.ئەی.دی)، شاندی زانکۆ پرێزنتەیشنێکیان پێشکەش کرد سەبارەت بە زانکۆ و ئەنجامدانی کاروبارەکانی هەروەها بەوردی باسیان لە چۆنیەتی بەڕێوەچوون وهەنگاوەکانی دامەزراندنی تاقیگە و تاقیکردنەوە پراکتیکییەکان کرد. دواتر شاندەکەی زانکۆمان سەردانی تاقیگەکانی زانکۆی (تی.ئێچ.ئێم)یان کرد بۆ لە نزیکەوە ئاشنا بوون بە بابەتە ئەکادیمیەکان کە لەلایەن زانکۆی ناوبراو بە قوتابیان دەدرێت.