رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 23ـی شوباتی 2022 لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان مامۆستا احمد کانی، بەڕێوبەری کارگێری و دارایی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەناو فەرەیدون جوانڕۆیی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر د. علی رشید، جێگری پارێزگاری هەولێر هێمن قادر و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان، مەراسیمی کردنەوەی هەشتەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق) بەرێوەچوو.
دوای گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی عێراق و سرودی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “میوانە بەڕێزەکان، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەخێرهاتنتان بکەم بۆ هەشتەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى و بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق).
ئامادەبووانى ئازیز، ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر، لە ساڵى 2014 وە ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ هاوکارانمان لە زانکۆکان ئەنجامدەدەین. پەیوەندییەکانمان لە ماوەى ئەو چەند ساڵە زۆر پتەو و بەهێز بووە.
ئامانجمان لە سازدانى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بنیاتنانى پلاتفۆڕمێکى کۆنکرێتییە بۆ ستافە ئەکادیمی و توێژەرە نێوخۆییىەکانمان لە دامەزراو و رێکخراوە ئەکادیمییە جیاوازەکانمان، ئەم کۆنفرانسە زانیاری و گفتوگۆی درێژخایەنی دوایین کێشە و بابەتەکان لە سەرانسەری جیهان ئاڵوگۆڕ دەکات.
ئەمساڵ کۆنفرانسەکەمان رووبەروو پێشکەش دەکرێت لەگەڵ چەند پلاتفۆرمێکی ئونلاین.
ئەم کۆنفرانسە 130 توێژەر و ستافی ئەکادیمی لە دامەزراوە و رێکخراوە جیاوازەکانی 11 وڵات (چین، عوممان،ماکاو، هیندستان، پاکستان،ئێران، تورکیا، مەکسیک، سەنیگال، سۆدان و مالیزیا) کۆکردووەتەوە بۆ پێشکەش کردنی زانیاری نوێ و هاوبەش لە بوارەکانی (ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئەندازیاری گشتی).
ئامانجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریکردنە لە گەشەپێدانی زانست و زانیاری و بەرزکردنەوەی رانکینگی زانکۆ و بەرزکردنەوەی کوالیتی توێژینەوەی زانستی، هەروەها رێکخستنی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بەشێکە لە ستراتیژیەتی زانکۆکەمان بەرەو نێودەوڵەتی بوون و بەجیهانی بوون، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان، خزمەتگوزاری باشتر بو کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و هەرێمییەکان.
دووبارە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەکەم هیوادارم لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی زانستیانەی بەبەرهەم پێشکەش بکەین.
هەروەها سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوو زانکۆکە دەکەم بۆ ئەو کۆشش و کاری بەردەوامیان لەم جۆرە چالاکییانە، سوپاسی ئەندامانی لێژنەی باڵای زانستی و رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە دەکەم وهەوڵی گشت لایک بەرز دەنرخێنم کە بەبێ ماندووبوون کاریان کردووە بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە.
هیوادارم کاتێکی خۆش و ئارام لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەسەر ببەن”.
شیاوی باسە ئەم کۆنفرانسە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت لە رۆژانی 23 و 24/2/2022، بە بەشداری 130 کەسی ئەکادیمی و توێژەر لە دامودەزگا و رێکخراوی ئەکادیمی لە 11 وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری لە بواری ئەندازیاری.














