زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 22ـی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر بەرێز موسا ئەحمەد و جێگرەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ مەراسیمی واژۆ کردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆ و دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەرێز موسا ئەحمەد و شاندی یاوەری و میوانان و مامۆستایان و بەشداربووانی خولی راهێنان کرد، و وتی : “ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر شانازی دەکەین کە یەکێک لە دەزگا ئەکادیمییەکانین کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەرەوەی زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و هەموو چین و توێژەکانی هەیە، یەکێک لە شانازییەمانمان ئەوەیە کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی هەیە کە بە سوپاسەوە پەیوەندییەکی بەرهەمداریش بووە و چەندین کاری هاوبەشمان هەبووە پێش ئەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی لە نێوانیشمان واژۆ بکەین، کە ئەوەش جێگای دەستخۆشییە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی سەرپەرشتیار و مامۆستایان و بەشداربووانی ئەو خولەی کرد کە لە ماوەی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بە هەماهەنگی دەزگای نابراو بۆ کارمەندانی دەزگاکە کرابوویەوە کە تایبەت بوو بە هەردوو بواری ژمێریاری بودجەی گشتی و سەرچاوە مرۆیی.

لە کۆتاییدا سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد کە جگە لە لایەنی هاوکاری و ئەنجامدانی خول و پەیوەندی لە زۆر کاری تر یارمەتی مامۆستایان و قوتابیان و دەزگاکانی  سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان داوە، سەرەڕای کاری خۆیان گرنگی بە لایەنی ئەکادیمی و ناوەندەکانی زانست دەدەن، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی نێوانمان زیاتر پەرەی پێ بدرێت کاری گەورەتر بەیەکەوە ئەنجام بدەین.

دواتر سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: زۆر بەختەوەرین کە ئەمڕۆ لێرەین و ئەرکێکی پیرۆز دەخەینە سەر شانی ئێوە ئەویش هاوبەشی کردنی ئەو کارە جوانانەیە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی کە کۆمەڵگەى ئێمە و مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی پێویستی پێیەتی، بۆ بەرەوە پێشبردنی کاری مرۆیی و پێکەوە ژیانێکی باشتربۆ کوردستان و عێراق کە بەداخەوە زیانێکی زۆریان بینیوە بەهۆی شەو شەڕ و لێکتێنەگەیشتنانەی کە هەن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا موسا ئەحمەد وتی ئێکە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی جیاواز لەو فۆرمە گشتییەی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەوی دەکەن کاردەکەین و بابەتی کوردستانی بوون و پشتبەستن بە کادیری خۆماڵی یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمەبووە بە دڵنیاییەوە هەموو رێکخراوەکان بۆ پرۆژە گشتگیر و هەمەلایەنەکانیان پێوویستیان بە کادیری شارەزا و بەتوانا هەیە زۆرجاریش بۆ ئەم بابەتە پشت بە راهێنان و راهێنەرانی نێودەوڵەتی دەبەستن، ئێمە نەهجێکمان هەڵبژاردووە کە پێمان وایە میللەتی خۆمان لە هەموو بوارێکدا کەسانی شایستە و شارەزا و پسپۆڕمان هەیە و هیچ جیاوازییان نیە لەگەڵ شارەزایانی پێشکەوتیی وڵاتان، بۆیە گینگترین شت ئەوەیە بۆ بەرەوپێشبردنی بوارەکانی تەکنەلۆژی و تەکنیکی و کارگێری لە کۆمەڵگەی خۆماندا یەکدەنگی و هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لە ئیشدا دەمانگەیەنێتە ئەنجامی باش، دەمەوێت ئەوە ئاشکرا بکەم کە زیاتر لە 80 لە سەدی کارمەندانی دەزگاکەمان دوای دەرچوونیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ یەکەمجار لای ئێمە دەستبەکاربوون، کەمن ئەو رێکخراوانەی کە ئەو بوێرییە دەدەن بەخۆیان دەدەن بەو شێوازە پشت بەو کارمەندە ناوەندییانە ببەستن و بەرپرسیارییەتییان پێ بدات کە زۆربەیان لە پۆست و پلەی باڵادان لە چوارچێوەی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا.

پاشان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لایەن بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی موسا ئەحمەد واژووکرا.

لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولی راهێنانی بواری ژمێریاری بودجەی گشتی و سەرچاوە مرۆییەکان

کە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆمانەوە سەرپەرشتی دەکرا بە بەشداری کارمەندانی دەزگای ناوبراو