Monthly Archives: شوبات 2022

کۆبونەوەی ھاوبەشی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک بەرێوەچوو

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 10ـی شوباتی 2022 بەئـامادەبونی هەردوو سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک پ.ی.د ئـاری عادل عبدالقادر لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کۆبونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئـەندامانی ئــەنجومەن و بەرێوبەرانی هەردوو سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی کۆمەڵێک بابەت وەک هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەش بریاردرا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان بە هاوبەشی ئەنجام بدرێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ هونەرمەندی گەورەی کوردستان مەزهەری خالقی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 8ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. هێمن هەورامی، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حزبی و حکومی و هونەرمەند و شاعیر و مامۆستا و قوتابی، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ هونەرمەند و گۆرانی بێژی گەورەی کورد مامۆستا مەزهەری خالقی رێکخست لەژێر ناونیشانی (گرنگی و بایەخی هونەر لە پاراستن و پەرەپێدانی کەلتوری کورد دا).

لە دەستپێکی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەری خالقی باسی لە ژیان و دەستکردن بە کاری هونەری خۆی کرد هەروەها باسی چەند لایەنێکی ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی کرد کە خۆی لە نزیکەی 200 بەرهەمی تۆمارکراو دەبینێتەوە، هەروەها باسی کارکردنی لە بواری راگەیاندن لە رادیۆی تاران کرد، دواتر باسی لە سەرەتای دامەزراندنی ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد کرد کە لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2003 دایمەزراندووە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەر باسی لە گرنگی هونەر و بەتایبەتی گۆرانی کرد بۆ ناسینی گەلان و بە شوناسی میللەتی وەسف کرد و وتی “کاتێک گەلان زمانی خۆیان لێ زەوت دەکرێت گۆرانی جێگەی زمان دەگرێتەوە و لە رێگەیەوە هەموو شتێک دەتوانێ بڵێت وە ئەم کەلتورە دەوڵەمەندەی ئێمە بەهۆی ئەو هەستانە بووە کە لە رۆحی مرۆڤی کورددا ماوە بەو هەموو ئەدەبیاتە بەو هەموو میلۆدییە دەری بڕیوە و بووە بە شوناسێک بۆ ئێمە، بەراستی هەرچی مە هەرچی باس بکەم دڵۆپێکە لە دەریایەک”.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن مامۆستا مەزهەرەوە بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە مامۆستا مەزهەر و هەروەها سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 7ـی شوباتی 2022 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول و راگری پەیمانگەی تەکنیکی سۆران و ژمارەیەک لە بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن، سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد و لە لایەن ڕاگری پەیمانگە د. طالب محمد شریف و یاردەدەری راگر و ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە پێشوازیان لێکرا.

سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن بەبۆنەی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی پەیمانگەی ناوبراویان کرد، هەروەها دیاریەکی تایبەتیان پێشکەش بە راگری پەیمانگە کرد و لای خۆشیەوە د. طالب سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ دیارییە بە نرخەکەیان.

پاشان سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری لەگەڵ راگری پەیمانگە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری پێشڤەچوون و ئەو گرفتانەش بوو کە ماون بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا کە چارەسەری سەرجەم گرفتەکان بکرێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ هونەرمەند و ئەدیب د. خوسرەو جاف رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 2ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ هونەرمەند و ئەدیبی گەورەی کورد د. خوسرەو جاف رێکخست لەژێر ناونیشانی (رۆمان و شیعر و پەیکەر لە دیدی ئەدیب و هونەرمەندی ناودار خوسرەو جاف).

لە دەستپێکی دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان و میوان ئامادەیبوون، د. خوسرەو جاف باسی کارەکانی و خولیا و ئارەزووەکانی سەرەمی لاوی خۆی کرد هەروەها باسی چەند لایەنێکی ژیان و بەرهەمەکانی و هونەری پەیکەرسازی و رۆمانەکانی کرد، و تیشکی خستە سەر وردەکاری هەر یەکێک لەو بوارانەی هونەر، پاشان چەند بەرهەمێکی شیعری خۆی پێشکەشی ئامادەبووان کرد .

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن د. خوسرەو بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە بەرێز د. خوسرەو جاف و هەروەها سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ دروستکردنی ئێوارەیەکی هونەری و ئەنجامدانی دیدارەکە