Daily Archives: ئایار 9, 2021

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سێیەمین خولی راهێنانی پێداگۆجی دەکاتەوە

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 9ـی ئایاری 2021 بە ئامادەبوونی هەر یەک لە سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و جێگری بەرێوبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و سەرپەرشتیاری بەشی پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا مامۆستا فؤاد علی إسماعیل، سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولی سێیەمی پێداگۆجی دەستی پێکرد.

لە سەرەتای کردنەوەی خولەکە بەرێوبەری سەنتەری پێداگۆجی د. خلیل حسین بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی کە بەشێوەی ئۆنلاین بەشدار بوو وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی م. فؤاد علی إسماعیل جێگری بەرێوبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و سەرپەرشتیاری بەشی پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، هەروەها  پیرۆزبایی لە فێرخوازان کرد و دەستخۆشی لە بەرێوبەری سەنتەری پێداگۆجی کرد بەهۆی هەوڵ و ماندووبوونی لە سەرخستنی خولەکان، هەروەها سوپاسی ئەو مامۆستایانەی کرد کە وانەکان دەڵێنەوە و سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵای کرد کە دەستپێشخەر بوون بۆ هێنانی ئەو ئەزموونە لە دەرەوە بۆ کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی : “کردنەوەی ئەم خولانە بە شێوازی نوێ سەرەتایەکی گرنگە بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆکان لەرووی ستافی ئەکادیمیەوە چونکە بەراستی زۆر هەست بە نیگەرانی دەکەین کە لە رێزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەکانی خوارەوە دەبینین.

ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ماوەی دوو ساڵە بۆلۆنا پرۆسێس و سیستەمی ئی سی تی ئێس پەیڕەوە دەکەین لە پرۆسەی خوێندن بۆ ئەوەی خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێشکەوتنی زانکۆکانی جیهان و زیاتر بەرەوپێش بردنی ئاستی قوتابیان و مامۆستایان، بەرێزان هەرکەسێک بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرای هەبێت نابێتە مامۆستای زانکۆ تاکو خولی لەم شێوەیە نەبینێت بۆ ئەوەی توانای وتنەوەی وانەی هەبێت بە شێوازی سەردەمییانە، بەرێزان سەرەتای ئەم خولانە رەنگە قورس بێت بەهۆی باری ژیانی هەر یەکێکتان بەڵام ئارام بگرن چونکە دڵنیام لە کۆتاییدا سوودی زۆری دەبێت بۆ خۆتان و کوردستانیش دووبارە پیرۆزبایی لە ئێوە وسەنتەری پێداگۆجی دەکەم”.

پاشان مامۆستا فؤاد علی إسماعیل وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لە فێرخوازانی بەشداربوو کرد و باسی لە رۆڵی پ.ی.د. کاوە و سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد لە سەرخستنی پرۆسەکە، هەروەها وتی:”بۆ مێژوو دەڵێم د. کاوە سەرۆکی لێژنەکە بوو زۆر سەرکەوتوو بوو لە کارەکانیدا و کاتێک لە فینلەندا گەڕانەوە بە جەنابی وەزیری گووت کە دەبێت لە مامۆستاوە دەست پێبکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە لە کوردستان سەرکەوتوو و بەرهەمدار بێت.

بەرێزان خولەکان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پاڵپشتی تەواو دەکرێن هەر بۆیە بریار وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا 28 مامۆستای دیکە کە لە ماوەی رابردوودا خولی پێداگۆجیان بینیوە بچنە فینلەندا تا ئەوانیش ببنە راهێنەر و کە گەڕانەوە بتوانن راهێنان بە مامۆستایانی دیکە بکەن، دووبارە پیرۆزبایی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و فێرخوازان دەکەم”.

شیاوی باسە خولەکە بۆ جاری سێیەمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکرێتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت، 63 قوتابی بەشدارن و لەکاتی ئاساییدا خولەکان بە شێوەی ئاوێتە بەرێوەدەچن بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بە پێی رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئۆنلاین بەرێوەدەچێت.