Daily Archives: ئایار 25, 2021

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی بریتیش کەنسڵ دەکات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 25ـی ئایاری 2021 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ. ی. د. کاوە عبدالکریم شێروانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی بریتیش کەنسڵ کرد کە پێکهاتبوون لە بەرێزان ئەحمەد حوسێن و دارا رەحمان فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری و تاقیکردنەوە- بەرێوبەری ئای ئی ئێڵ تی ئێس لە بەشی تاقیکردنەوەی ئایڵتس لە بریتیش کەنسڵ.

ئامانجی سەردانەکە بریتی بوو لە کارکردن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێککەوتنێک واژوو بکرێت لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بریتیش کەنسڵ تا لە داهاتوودا تاقیکردنەوەی ئایڵتس لە سەنتەری زمانی زانکۆمان وەک دامەزراوەیەکی حکومی بەرێوەبچێت.

هەر لە میانەی سەردانی شاندی ناوبراو بۆ زانکۆمان سەردانی هەریەک لە سەنتەری زمان، سەنتەری توێژینەوەی زانستی و کتێبخانەی ناوەندی زانکۆیان کرد تا لە نزیکەوە رەوشی ئەو هۆڵانە ببینن کە بڕیارە لە داهاتوودا تاقیکردنەوەکانی تێدا بەرێوەبچێت و مامۆستایانی سەنتەری زمان سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی یو. کەی. ڤی. ئای، تاقیکردنەوەی سکوڵ، پرۆفیشناڵ ئێگزام بۆ ئەو کەسانەی لە زانکۆ دەخوێنن بکەن.