رۆژی سێ شەممە ڕێککەوتی ۱۰ـی دیسەمبەری ۲۰۱۹ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کاوە عبدالکریم شێروانی، پانێڵێک لەژێر ناونیشانی “جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی” رێکخست.
پانێڵەکە بەسەرپەرشتی مامۆستا ئاسۆ وەلی بەرپرسی سەنتەری یەکسانی جێندەرناسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە رێوەچوو، کە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو:
تەوەری یەکەم لە ژێر ناونیشانی “شیکردنەوەیەک بۆ چەمکی جێندەر و فێمینیزم، ئامانج و مێژوویان” لەلایەن مامۆستا سورێن ئەکرەم سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی و بەرێوبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی، پێشکەش کرا کە تیایدا بە ووردی باسی لە چەمکی فێمینیزم و مێژوو و ئامانجەکانی کرد.
لە تەوەری دووەمدا مامۆستا ڤیان مەحمود زامدار ئەندامی لێژنەی باڵای یەکسانی جێندەری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باسێکی دەربارەی (ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و کاریگەریان، لە هێنانە کایەی یەکسانی جێندەری) پێشکەش کرد و تیایدا چەند ئامارێکی لەبارەی ژمارە و کاریگەری مێینە لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان خستەڕوو.
لە تەوەری سێیەم و کۆتاییدا د. بەهات حسیب قەرەداغی مامۆستای بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر، بابەتێکی “دەربارەی پێگە و وێنەی ئافرەت لە تەلەفزیۆنی کوردیدا” پێشکەش کرد و بە شێوەی ئینفۆگرافیک بە وردی باسی دەرکەوتنی ئافرەتی لە میدیای کوردیدا روونکردەوە
دواتر ئامادەبووانی پانێڵەکە پرسیاریان ئاراستەی پانێڵیستەکان کرد و وەڵامیان درایەوە.
لە کۆتاییدا لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە پانێڵیستەکان.
فۆتۆ: گۆران کەنعان