ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین یاداشتی لێکتێگەیشتینی (ئێم ئۆ یو)ی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی هاوبەشی ئەکادیمی.
واژۆکردنی یاداشتەکە بەسەرپەرشتی هەردوو سەرۆک زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە عەبدولکەریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پڕۆفیسیۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، هەروەها ئامادەبوونی یاریدەدەرانی هەردوو سەرۆک زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی نێودەوڵەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
هەر لەو چوار چێوەیەدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین رێککەوتنێکیان واژوو کرد کە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بەیەکەوە بکەنەوە کە لە لایەن مامۆستاکانی هەردوو زانکۆوە سەرپەرشتی قوتابیان بکرێت، بەتایبەتی لەو پسپۆڕییانەی کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نیە، بۆ ئەم مەبەستە زانکۆی سەڵاحەددین ئامادەیی دەربڕی کە ماستەر و دکتۆرا بە تایبەتی بۆ مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بکاتەوە.
واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی (ئێم ئۆ یو)ی ئەکادیمی ، وەک رێکەوتنێکی هاوبەشی ئەکادیمی واییە لەنێوان هەردوو زانکۆ و ئامانجی یاداشتەکە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی دوو لایەنەیە بۆ بنیاتنان، بەرەوپێشبردن و هەماهەنگی ئەکادیمی نێوان هەردوو زانکۆکە، کە تیایدا چەند ئامانجێک لە خۆ دەگرێت.
ناوەڕۆکی یاداشتەکە پێکدێت لە کۆمەڵێک خاڵ لەوانە هەنگاونان بۆ بنیاتنانی هاوبەشی ئەکادیمی بەردەوام لەنێوان هەردوو زانکۆ، بۆ بەستنی کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سیمپۆزیەمی زانستی و ئەکادیمی و هەروەها توێژینەوەی زانستی ، ئاڵوگۆڕی توانا مرۆییەکان و هەروەها سود وەرگرتن لە لایەنی تەکنیکی یەکتر لە ڕووی تاقیگە و ئامێر و ستافی ئەکادیمی و توانای زانستی هەردوولا .
دوای واژوو کردنی یاداشتەکە لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کاوە عبدالکریم شێروانی سوپاسی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی کرد لە بەرامبەر هاوکاری کردن و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ بەرەو پێش بردن و بنیاتنانی لایەنی ئەکادیمی و زانستی هەردوو زانکۆکە.
ئامانجی یاداشتەکە بەرزکردنەوەی توانای ئەکادیمی و زانستی نێوان هەردولا و قوتابیان و مامۆستایان و هەروەها زیاتر بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابیان لە لایەنی تەکنیکی و مرۆیی و راهێنانەکان وبەشێوەیەکی سەردەمی.