ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ تسرینی دووەمی ٢٠١٩ مامۆستا ئەرشەد سدیق عبدوڵا مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی سۆران، سیمینارێکی تایبەت بە حکومەتی ئەلیکتڕۆنی و کاریگەری لەسەر زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامدا.
لە سیمینارەکەدا کە ژمارەیەک لە فەرمانبەری کارگێڕی و بەرپرسی یەکەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەروەها مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگای ئاگای ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر ئامادەی بوون بە وردی رێگاکان ومیکانیزم و کاریفەری حکومەتی ئەلیکترۆنی لەسەر چۆنیەتی کەمکردنەوەی خەرجی و داهاتی لە فەرمانگەکانی حکومەت لە لایەن مامۆستای ناوبراوەوە رونکرایەوە.

مامۆستا ئەرشەد کۆمەلێک نمونەی بەڵگەداری بۆ ئامادەبووانی سیمینارەکە هێنایەوە تیایدا بەروونی ئەوەی دەرخستبوو کە بەچەند هەنگاوێک حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی خەرجیەکان کەمبکاتەوە و داهاتیش زیاد بکات وەک لە پرۆسەی بایۆمەتری فەرمانبەران و هەروەها بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و کە سودی بۆ هاوڵاتیان و حکومەت هەبووە، وە دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی.

هەر لە سیمینارەکەدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، باسی لەوەکرد ئەگەر حکومەتی هەرێم بیەوێت داهات زیاد بکات و هەروەها خەڵکیش دڵنیایی پارێزراوی پارەکانیان بن ئەوا پێویستە ماستەر کارد وبزنس کارد و جۆرەکانی بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەربکات وساڵانە لەبەرامبەر نوێ کردنەوەی پارە وەربگرێت بەجۆرێک ئەگەر ساڵانە ٢ ملیۆن کەس کارەتەکەیان هەبێت و بڕی ١٠ هەزار دینار بدەن ئەوا لەماوەی ٤ ساڵدا دەبێت ٤٠ ملیار دینار داهات و کەمترین خەرجیش بۆ حکومەت بەبێ فشار و ماندووبون.

هەروەها باسی لەوەشکرد، هەندێکجار هاوڵاتیان خۆیان خەرجی زیادە دەکەن بۆ نمونە فۆڕمی پاسپۆرت و فەرمانگەرکان لە وێب سایتی حکومەت هەیە کەچی ئەوان پەنا بۆ کۆمپانیاکان و شوێنەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەبەن و کە دەبێت بۆ ئەوەش برێک پارە بدەن کە ئەوە خەرجی زیادەیە.