Blog

ئاگادارییەک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بۆ قوتابییان

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاگاداری سەرجەم سێ یەکەمەکانی ساڵانی (2017 تاکو 2022) لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بەزانکۆکەمان دەکاتەوە کە بەزووترین کات سەردانی بەشەکانیان بکەن بەمەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری تایبەت بە دامەزراندنیان، هەر قوتابییەک فۆرمەکە پڕ نەکاتەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت.

تێبینی: داواکاری بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لەسەر داوای حکومەتی عێراقی فیدرالە کە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە.

سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشێتە بەشداربووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2ـی نۆڤەمبەری 2022 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و پ.ی.د. ژاڵە بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بە دەرچووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی لە سەنتەری پێداگۆجی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، میوانان و بەشداربووانی خولەکەی کرد و پیرۆزبایی لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و بەشداربووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئیدریس گووتی :” پێداگۆجی واتا زانستی بنەماکانی وانەوتنەوە و پێویستییەکی گرنگی سەردەمیانەیە لە دروستکردنی مامۆستای ئاست بەرز بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتووی کوردستان.
پێداگۆجی پێویستی بە کارلێکی مانادار هەیە لە نێوان مامۆستا و قوتابی کە ئامانج لێی یارمەتی دانی فێرخوازانە بۆ بنیاتنانی فێربوون و پەرەپێدانی لێهاتووی قوتابی، کەواتە ئامانج لە خولەکانی پیداگۆجی ئەوەیە کە مامۆستا ببێتە خاوەن کارامایی زۆرگرنگ وەک: قوتابی بکرێتە چەقی پرۆسەی فێرکردن، دیزاینکردنی پرۆگرامی خوێندن لەسەر بنەمای دروستکردنی توانا و لێهاتوویی، ئامادەکردنی ژینگەی تەندروست بۆ قوتابییان، مامۆستا چۆن وا لە قوتابیيان بکات کە بتوانن ببنە خاوەن بیرۆکە و داهێنان، چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوە”.
هەر لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لە گرنگی تەکنەلۆژیای سەردەم کرد لە پرۆسەی فێرکردن کە چۆن ئامرازەکانی گەیاندن ببنە هۆی پێشخستنی پرۆسەی خوێندن هەڵسەنگاندنی قوتابییان، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ دووبارە پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیاران و دەرچووانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

شیاوی باسە خولی شەشەمی پێداگۆجی لە 2/3/2022 دەستی پێکرد تاکو 31/8/2022 کە تیایدا 25 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەشداربوون و لە لایەن مامۆستایانی پێنج زانکۆی جیاوازەوە سەرپەرشتی خولەکە دەکرا.

شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەشداری لە وێرکشۆپێک دەکات لەبارەى بەهێزکردنى پڕۆگرامەکانى بنیاتنانى (تی ڤی ئی تی) لە خوێندنى باڵای دامودەزگاکانى پەروەردەى تەکنیکی لە عێڕاق

رۆژی یەکشەممە، ٢٣ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، شاندێکى زانکۆى پۆلیتىکنیکى هەولێر بە سەرۆکایەتى پ.د. ئیدریس محمد تەها هەرکی ئامادەى وێرکشۆپێک بوون لەبارەى بەهێزکردنى پڕۆگرامەکانى بنیاتنانى رأهێنان و فێرکاری پیشەیى و تەکنیکى (تی ڤی ئی تی) لە خوێندنى باڵای دامودەزگاکانى پەروەردەى تەکنیکی لە عێڕاق لە هۆڵی کۆنفرانسی بێست ئین ئـەربیل کە بۆ ماوەى سێ رۆژ بەردەوام دەبێت لە ٢٣ تاوەکو ٢٥ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢.

لە درێژەى چالاکییەکانى پڕۆژەى (تی ڤی ئی تى-٢) کە یەکێتى ئەوروپا کۆمەکی دەکات و رێکخراوی یونسکۆ جێبەجێیدەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى عێڕاق ئۆفیسی رێکخراوى یونسکۆ لە عێڕاق، یو ئێن هابیتات، و ئاى ئێڵ ئۆ پڕۆژە کۆمەکراوەکانى یەکێتى ئەوروپا جێبەجێدەکەن: رەخساندنى هەلى کار لەرێگەى بەهێزکردنى سیستەمى پەروەردەى پیشەیی و تەکنیکى وئەڵقەکانى بازاڕی کار (تی ڤی ئی تى-٢)، پڕۆژەى بوژاندنەوەى شارە کۆنەکانى موسڵ و بەسرە، و پڕۆژەى پاڵپشتى رێگەچارەکانى ژیان لەڕێگەى گەشەسەندنى بۆماوەیى کەڵتوریى.

ئامانج لەم وێرکشۆپە دابینکردنى پلاتفۆڕمێکە بۆ گەیاندنى ئەو دەستکەوتانەى  کە لە رێگەى پڕۆژەى چاکسازی (تی ڤی ئی تى-١)ى یونسکۆوە بەدەستهاتوون بەهۆى ئەو بابەتانەى لەرێگەى ئەو پڕۆژانە دابینکراون، زیادکردنى ووزە و تواناى تاک و دەزگاکان و گەشەپێدانیان و پڕۆگرامی ئاست بەرزی (تى ڤى ئی تی) لە کەرتى بنیاتنان وەربگرن، هەروەها بەهێزکردنى زانیاری و چاککردنى تێگەیشتنمان لە ئەنجامى پڕۆژەکان و ئەو گاپانەى ماوەتەوە لە کەرتی بنیاتنان بۆ پیشەگەرانی (تى ڤى ئی تی) و زانکۆ تەکنیکییەکان، هەروەها چەند بابەتێکى دیکە کە لە هەردوو رۆژى وێرکشۆپەکە بە چڕوپڕى باسدەکرێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر و زانکۆیەکى چینى بەشێوەى ئۆنڵاین یاداشتنامەیەکى لەیەکگەیشتن واژوودەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، لە درێژەى کار و چالاکییەکانى بەڕێوبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، زانکۆکەمان بە ئامادەبووونى راگڕى کۆلێژى تەنکیکى کارگێرى هەولێر د. ئازاد احمد عبدالله، بەڕێوبەری پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان، بەرپرسى پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە بەڕێوبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان  و ژمارەیەک ستافی ئەکادیمى زانکۆ یاداشتنامەیەکى لەیەکگەیشتنی لەگەڵ سەنتەرى زمانى نێودەوڵەتى زانکۆى  China Three Gorges Universityلە ووڵاتى چین بەشێوەى ئۆنڵاین واژووکرد بەمەبەستى پتەوکردنى پەیوەندى ئەکادیمى و زانستى و کەلتورى لە نێوان هەردوو زانکۆ. لە زانکۆى ناوبراویش هەر یەک لە راگری سەنتەری زمانە بیانییەکان، یاریدەدەری راگری سەنتەری زمانە بیانییەکان، بەڕێوبەری سەنتەری خوێندنى نێودەوڵەتی ، و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەى وەرگێڕانى سەنتەری زمانە بیانییەکان بەشێوەى ئۆنڵاین ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون. 

 لەمیانى کۆبونەوەکە، زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر سوپاسگوزارى خۆى ئاراستەى سەرۆکى زانکۆى ناوبراو کرد سەبارەت بە پێدانى پێنج کورسى بۆ خوێندنى باڵا ماستەر لە بوارى خوێندنى نێودەوڵەتى و هەرێمى و زمانى کە بەمزوانە مەرجەکانى بۆ ستافى زانکۆکەمان بڵاودەکەینەوە.

هەر لە درێژەى کۆبوونەوەکە، ستافى ئەکادیمى زانکۆکەمان باسى ئاڵوگۆرى قوتابى و مامۆستایانى زانکۆیان کرد کە لە سمیستەرى هاوینە ئەنجامدرا و وا بڕیارە لە ساڵى داهاتووش ئەنجام بدرێت،هەروەها باس لە هاندانى مامۆستایانى زانکۆ کرا بۆ بڵاوکردنەوەى تویژینەوەى هاوبەش.

شایەنى ئاماژەپێکردنە کە لە ساڵى ٢٠١٧  شاندێکى زانکۆکەمان سەردانى زانکۆى ناوبراوى کردبوو بەمەبەستى دروستکردنى پەیوەندى ئەکادیمى و زانستى و کەلتورى لە نێوان هەردوو زانکۆ.