رۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 10ـی نۆڤەمبەری 2022 لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لەژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (د. ئارام محمدقادر) و بە ئامادەبوونى بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی د.عبدالفتاح عبدالرزاق، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان، بەرپرسانی حزبی و حکومی، مامۆستایان، دەرچووان و کەسوکاریان، مەراسیمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی پۆلتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد دواتر ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بانگهێشتی سەر ستەیج کران، و ئامادەبووان دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێ گرتن لە سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب.
دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی وتارێکی پێشکەش کرد و ووتی:
“مامۆستایانی دڵسۆز، دەرچووانی خۆشەویست، خانەوادەی دەرچووانی بەڕێز بەختەوەرو سهربهرزین، کە ئەمڕۆ به یهكهوه ئاههنگی دهرچووانی پۆلێكی تر کە ژمارەیان (6325) دهرچووی بهشه جیاجیاكانی كۆلێژهكانی زانكۆی پۆلیتەکنیکی ههولێر دهگێڕین، بۆ من مایەی دڵخۆشییە وەک سەرۆکی زانکۆ لە دوای چەند مانگێک لە دەست بەکاربوونم و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە نێو ئاپۆڕای دەرچووانی ساڵی ئەکادیمی 2021-2022 وتار دەخوێنمەوە.
بەمبۆنەیەوە بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، جوانترین پیرۆزبایی لە خۆمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و مامۆستا بەڕێزەکانتان و ئێوەی دەرچووان و خانەوادەکانتان دەکەین، هیوای دوارۆژێکی پڕشنگدار بۆ یەکە یەکەتان دەخوازین.
دەرچووانی ئازیز…
ئەمڕۆ هەموو بەیەکەوە کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی لە قوڵایی دڵتانەوە بەڵێن بدەن بە خاکی پیرۆزی کوردستان و خوێنی شەهیدانی کوردستان، کار بکەن بۆ ئاوەدانی هەرێمی کوردستان تا ببنه داینەمۆی گۆڕانکاری و تازەکردنەوەو چاکسازی دامەزراوەکانی هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، تا هەر یەکەتان بە پێی پسپۆڕی خۆتان رۆڵی تیا بگێڕن.
بەڕێزان…
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ماوەی ساڵانی دامەزراندنییەوە، چەندین خولی دەرچوونی بەڕێکردووە، لە رێگەی (6) کۆلێژ و (6) پەیمانگاوە کە (71) بەشی زانستی لە خۆ دەگرێت، خزمەتی زانستی بەرچاوی بە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان کردووە لە بواری(فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە)وە، بەتایبەت لە ئامادەکردنی کادیری پیشەیی بۆ بازاڕی کار، هەڵبەتە ئەوەش بە هەوڵی ستافی کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆو راگرایەتی کۆلێژو پەیمانگاو بەشە زانستییەکان و ئەو(614) مامۆستا ماندونەناسانەبووە، ئەمڕۆش دەبینین رۆژ بە رۆژ زانکۆمان بەرەو فراوانبوون و گەشەکردن دەچێت.
خۆشەویستان…
لەوبۆنەیهدا گرنگەدا، دەمانەوێت بڵێن زۆر دڵخۆشین بە هەنگاوە کردارییەکانی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە لە هێڵه گشتییهكانی بهرنامهی كاری خۆیدا جەختی لەسەر بایەخدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردبوویەوە، لە رێگەی پێشخستن و بەرزکرنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی چەندایەتی و جۆری و فەراهەمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش بە هەوڵی دڵسۆزانەی جەنابی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەرهەمەکەی دەچنینەوەو پاڵپشتییەکانی بەڕێزیان وا دەکات زانکۆکان بە گشتی و زانکۆمان بە تایبەتی بەرەو ئاسۆیەکی روونتر هەنگاو بهاوێژێت، لەو روانگەشەوە زانکۆمان هەنگاوی بوێرانەی گرتۆتەبەر بۆ گۆڕانکاری سیستەم و پڕۆگرامی خوێندن کە هاو گونج بێت لەگەڵ بازاڕی کار،
هەر بۆیەشە بەشەکانی (كارگێڕى كار، تهكنيكى وهرگێڕان) له پهيمانگهى تهكنيكى مێرگهسۆر کردۆتەوە، هەروەها بهشى (پهلى دهستكرد و پاڵپشتيیهكان)مان له كۆلێژى تەکنیکی تەندروستی و پزيشكى هەولێر كردۆتەوە، لە ساڵانی داهاتووشدا بە هەماهەنگی کەرتی تایبەت هەوڵدەدین بایەخ بەو پسپۆڕییانە بدەین کە ئێستا بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان پێویستیان پێیەتی، هەموو ئەو کارانەشمان بۆ ئەوەیە کە کاتێ قوتابیانمان لە زانکۆ دەردەچن زۆرترین هەلی کاریان دەست بکەوێت، بۆیە ستراتیژی زانکۆمان ئەوەیە کە هەموو ئەو پسپۆڕییانەی لە بەشە زانستییەکاندا هەیە بیانگونجێنین لەگەڵ بازاڕی کار.
ئامادەبووانی خۆشەویست ….
ئەمساڵ زانكۆمان ژمارەیەک چالاکی زانستی و ئەکادیمی و رۆشنبیری هونەری و وەرزشی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژو پەیمانگاکان سازکردووە لە شێوەی کۆنفرانسی زانستی و وۆرکشۆپ وسمپۆزیۆم و پێشانگە و فیستیڤاڵ و کەرنەڤاڵ و مەڕاسیم و رێزلێنان، ئەمە سەرباری ئهنجامدانی دەیان توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز لە کە لە گۆڤارە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەلایەن مامۆستایانمان بڵاوکراونەتەوە. هاوشان لەگەڵ ئەو چالاکییانەدا چەندین یاداشتننامەی لە یەکگەیشتنمان لەگەڵ زانکۆو دامەزراوەی ئەکادیمی واژووکردووە و ئاستی پەیوەندییەکانمان لە ئاڵوگۆڕی ئەزمونی هاوبەشی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکان زیاتر بووە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر رێز لە هەوڵ و ماندووبونی مامۆستایان و کارمەندان و سەرکردە ئەکادیمی و کارگێڕییەکانی زانکۆمان دەگرین کە بوونتە هۆی سەرکەوتنی ئێوەی خۆشەویست و لە دایکبوونی کەرنەڤاڵێکی ئاوا کە تیایدا برِوانامەی دەرچوون وەربگرن.
هەر ئاوەدانبێت کوردستان، پیرۆزە لە شاری پێکەوەژیان و کولتوورە جیاوزەکان، شاری هەولێری ئامێزکراوە بۆ هەموو نەتەوەو ئاینێک، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بژی کورد، بژی کوردستان هەر شاد و سەرکەوتووبن”.
دواتر بریکارى وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى د.عبدالفتاح عبدالرزاق وتەیەکی پێشکەشکرد و وتى: “خۆشحاڵم ئەمرۆ لە کەرنەڤاڵی دەرچونی خولێکى دیکەى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر بەشدارم لەگەڵتان. بۆیە جێگەى خۆیەتى دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکەتان بکەم بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ بۆ کۆمەڵگەکەمان”.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.عبدالفتاح عبدالرزاق ڕاگەیاند: خوێندنى تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆڵەکەیەکى بنەڕەتی سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمانە و ڕێگایەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و دروستکرنی کارامەیی لە نێو گەنجاندا، لەهەمانکاتدا دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان پەیوەندی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی لەهەرێمەکەمان هەبێت، پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و پۆتێنشیاڵی گەشەکردنی ئابوری هەرێمەکەمان لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەش دەبێت باشتر خۆمان بۆ بنیادنانی دەستی کار و توانامرۆییەکانی وڵاتەکان ئامادە بکەین.
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دیدگەى وەزارەتى بۆ زانکۆ باسکردو ڕاگەیاند: ئێمە نامانەوێت زانکۆ تەنها بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى ئامادە بکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیى و پیشەیی بۆ قوتابیانی دروست بکات، تا دواى تەواوکردنى خوێندن بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕى کارى کوردستاندا هەلی کارى گونجاویان بۆ بەدەست بێنن، بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێمە بەتایبەت وەزارەتى خوێندنى باڵا، کە کار بکات و بەرنامەى هەبێت بۆ ئەوەى دەرچوان بتوانن هەلى کارى لە بازاڕى کارى هەرێم هەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە حکومەت هەوڵى جدى بدات بۆ ڕەخساندنى هەلى کار لە ڕوى ژمارەیی جۆرى و، هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕى کار بکەن، لەهەمان کاتدا پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانى خوێندن بکەن بەتایبەت خوێندنى پیشەیی و زانستە کردارییەکان، جگە لەوانەش گرنگیدان بەبۆلۆنیا پرۆسیس و خولەکانى پێداگۆجى و ڕۆڵى و کارەکانى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (سی.دی.سی) دەبێتە لە پێشینەى کارەکان بێت.
لەبارەى کارنامەى وەزارەت بۆ داهاتوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، بریکارى وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: خەونی گەورەمان ئەوەیە کە سیستمی خوێندنی باڵای هەرێم لە ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەینە سیستمێکی ناوازە و لەسەر بنەمای کواڵتی و ستانداردی نێودەوڵەتی بونیاد بنرێتەوە.
لە کۆتایى وتارەکەیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی سەرۆکایەتى حکومەتى کرد، کە بەردەوام پاڵپشتى بەرنامەکانى چاکسازى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن، هاوکات سوپاسى هەمو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد، کە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک و، توانیان دەرچووان بگەیەنن بەم ڕۆژە پرشکۆیە. هاوکات سوپاس و پیرۆزبایی تایبەتى ئاراستەی کەسوکار و خانەوادە و ماڵباتی دەرچوانى کرد، کە بە میهرەبانی و لەخۆبردویان پشتیوانی سەرکەوتنی ڕۆڵەکانیان بون.
پاشان قوتابیانی کۆلێژەکانی تەکنیکی ئەندازیاری،کارگێڕی، تەندروستی و پزیشکی، تەکنەلۆژیای هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات قۆناغ بە قۆناغ هاتنە هۆڵەکە و مەراسیمی سوێندخواردنی یاساییان ئەنجامدا، و لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی کۆلێژ و پەیمانگەکان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی بەکالۆرێوس و دبلۆمی تەکنیکی پێشکەش بەدەرچوان کراو کۆتایى بەئاهەنگەکە هات.