Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی دەهێنێت بە خولێکی راهێنانی تایبەت بە بواری گەشتوگوزار

رۆژی شەممە 27ـی  کانوونی دووەمی 2024، لە ژێر چاودێری پ.د. ئیدریس محەمەد تاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئامادەبوونی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د سەرسام خەلیل شوانی راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر خولێکی راهێنانی سێ رۆژە لە بواری گەشتوگوزار بەکۆتاهات.

لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای دەستخۆشی لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێرو رێکخەران و سەرپەرشتیارانی خولەکە هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و ساڵێکی ئەکادیمی پڕ لە دەستکەوتی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشداربوو خواست.

ئەم خولە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی رێکخراوی “ILO” لە رۆیال هۆتێلی قەزای عەنکاوە بەڕێوەچوو، کە بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئاستی کارامەیی و زانیاری قوتابیان و مامۆستایانی بەشی کارگێڕی دەزگاکانی گەشتیاری کرابوویەوە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە رۆژی نیشتمانی وڵاتی هیندستان دەکات

رۆژی شەممە 27ـی  کانوونی دووەمی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، د. طالب محمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان بەشدارییان کرد لە ئیڤێنتێکی کونسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر.

ئیڤێنتەکە تایبەت بوو بە رۆژی نیشتمانی هیندستان کە بە ئاکادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی بەڕێوەچوو.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی OSMOS لیتوانی دەکات

رۆژی سێ شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە شاندێکی رێکخراوی OSMOS بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی لە وڵاتی لیتوانیا.

شاندەکە پێکهاتبوون لە (Žilvinas Švedkauskas) بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، و (‏Egle Dmukauskaite) سەرۆکی کارگێری و ئابووری، و (‏Mantas Adomėnas) جێگری وەزیری دەرەوی پێشووی ئەو وڵاتە.

ئامانجی سەردانەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکەمان زانکۆی لیتوانیا بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆری قوتابیان و راهێنان لە بواری ICT.

شیاوی باسە رێککخراوە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی لیتوانیا کۆمەکی دارایی دەکرێت، و ئامانجیان لە ئێستادا پتەوکردنی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستییە لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان و عێراق.

مەراسیمێکی شایستە تایبەت بە ماڵئاوایی کردنی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک راگری کۆلێژ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران، مەراسیمی ماڵئاوایی لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک راگر بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و گوتی:

“بەڕێزان ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە کۆمەڵێک مامۆستا بگرین کە ماوەیەکە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پلە و پۆستی جیاجیا خزمەت دەکەن لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، لە ڕاگر، لە بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی، لەبەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆ خزمەتی زۆری زانکۆیان کردووە، ئێمە دەزانین ئیدارە و پۆست بەتایبەتی لەو کاتەی ئەوان پلە و پۆستیان تێدا وەرگرتووە کارێکی ئەستەم و زۆر زەحمەت بوو هەر لە قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش، پەتای کۆرۆنا، کە هەمووی بەربەست بوونە لەبەردەم کارەکانی ئەو بەڕێزانە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانە بەڵام هەر بەردەوام بوون و کۆلیان نەداو هەوڵێکی زۆریان دا تا بەو ڕۆژەیان گەیاند، دەبێت ئەو خزمەتە پڕ زەحمەتیەی ئەوانمان لەبەرچاوبێت کە کێشاویانە، بەگەرما و بەسەرما، بەهەموو گلەییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان، ‌کە ئێمە دەزانین شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و کە حەقیان بوو مامۆستا و فەرمانبەران ئەو  گلەییە بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەو بەڕێزانە بوون کە بەرگەیان گرتووە و توانیویانە سەرکەوتوانە ئیش و کارەکانیان ڕاپەرێنن و تا بەو ڕۆژەیان گەیاندووە”.

هەروەها لە بارەی گۆڕانکارییەوە سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە ، “بابەتی گۆرانکاری بابەتێکە هەر لە دوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەر لەکابینەی یەکەمەوە تا بەمڕۆ دەگات ئێمە لە هەرێمی کوردستان ‌سوپاس بۆخوا فێری ئەوەبووین کە هەموو پلە و پۆستێک دەستا و دەست دەکرێت و هیچ پۆستێک تا کۆتایی بۆ کەسێک نامێنێتەوە، ئەوەی بینیمان لە سەرۆکی هەرێمەوە تا ڕاگرو سەرۆک بەشێک، چۆن بەجوانی فێری ئەو دابونەریتە بووین کە بتوانین بەو شێوەیە  ئیدارەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بدەین، ئەمە هەنگاوێکی زۆر جوانە کە لە دوای ڕاپەرینەوە توانیومانە ئەو کارە جوانە ببینین بەچاوی خۆمان، هەموومان خەباتمان لەپێناوی ئەو کارە کردووە کە کارێکی دیموکراسیە، بۆیە دەبێت ئەو گۆرانکارییانە بەدڵێکی فراوان وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین بوار بەخەڵکانی تریش بدەین تا ئەوانیش خۆیان ئەزموون بکەن و بزانن لە کوێ دەتوانن کاری باشتر بکەن، گومان لەوەشدا نییە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زۆر پێویستی بەو بەڕێزانە هەیە کە شارەزاییەکی باشیان پەیداکردووە لەبابەتە کارگێڕییەکان، وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە هەموومان دەزانین پێویستی زیاتری بەمامۆستا هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە پێویستی بەشارەزایی ئەو مامۆستا بەڕێزانە هەیە، لەمەدواش دەبێت یارمەتیدەرو هاوکاربن لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی تازە دەست بەکاردەبن لەزانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ.

بەڕێزان ئێمە وەک مامۆستای زانکۆ دەبێت شانازی بە مامۆستایەتی خۆمانەوە بکەین، پلەی هەرە بەرزی ناو کۆمەڵگا مامۆستای زانکۆیە، ئەوەنییە یەکێک ببێتە سەرۆک زانکۆ ئەوە پلە هەرە بەرزەکەیە یان ڕاگرو یان یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ، ئەوە پلە بەرزەکە نییە، بەڵکو پلە بەرزەکە ئەوەیە کە مامۆستای زانکۆیە، بۆیە هەموومان شانازی بەخۆمانەوە دەکەین کە مامۆستای زانکۆین یەکەمجار، دەبێت‌ ئەوەمان لەپێش چاوبێت، تەماشا دەکەین لەوڵاتە پێشکەوتووەکان بەتایبەتی لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەماوەی تەواوبوونی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەو وڵاتە سەیردەکەین بەدوای کارێکدا دەگەڕێت کە ماوەی سەرۆکایەتی کۆتایی هات، باشترین کار کە بیدۆزێتەوە ئەوەی لە یەکێک لە زانکۆکان دەبێتە مامۆستا تا وانە بڵێتەوە، کەواتە مامۆستایەتی هاوشانی ئەو کەسەیە کە دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بۆیە هیوادەخوازین ئەو بەڕێزانە ئەو گۆرانکاریانە بەدڵێکی فراوان وەربگرن و خۆیان بەمامۆستایەکی سەرکەوتوو بزانن و لەبوارەکەی خۆیاندا بتوانن زیاتر خزمەتی ئەو وڵات و ئەو زانکۆیە بکەن، هیوادارین تەمەنێکی درێژ و بە تەندروستیەکی باشەوە بتوانن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان، خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ڕێز لەماندوبونی ئەو بەڕێزانە دەگرین بۆیە مەراسیمێکی شایستەمان سازکرد بۆیان”.

دواتر دەستکرا بە بەخشینی پلاکێتی تایبەت بە رێزلێنانەکە و نووسراوێکی سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەر یەک لەو بەڕێزانە کرا.

ئەو بەڕێزانەی کە رێزلێنانەکەیان بۆ رێکخرا بریتیبوون لە :

پ.د. جەودەت جەعفەر خەتاب، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێری و دارایی.

پ.ی.د. نەجیب تۆما بەتۆ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا.

د. برزۆ هەمزە دزەیی، راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر.

پ.ی.د. ئازاد ئەحمەد مەحموود، راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر.

پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر.

پ.ی.مامۆستا ئومێد ئەرشەد حەوێزی، راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر.

مامۆستا سەروەر جەمال حەیدەر راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان.

مامۆستا سۆران ذنون یاسین پەیمانگەی تەکنیکی خەبات.

مامۆستا پاکستان محمەد ئەمین کۆلێژی تەکنیکی سۆران.

پ.ی.د. هێمن کاکەخان عەوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی.

پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ.

پ.ی.د. سەرسام خەلیل عومەر بەڕێوبەری تۆماری گشتی لە سەرۆکایەتی زانکۆ.