Author Archives: admin

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک بۆ بەرپرسانی ئاماری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەڕێوەدەبات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 15ـی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرپرسانی ئاماری گشت کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان، مەراسیمی ناساندنی داتابەیسی ئامار و بانکی زانیاری بەرێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووان و بەرپرسانی ئاماری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان کرد و باسی لە گرنگی ئامار و بانکی زانیاری کرد لە زانکۆ و هەروەها ئەو کێشە و گرفتانەی خستەروو کە لە ماوەی رابردوو روبەڕووی زانکۆ بوونەتەوە لە رووی ئامارەوە، هەر بۆیە هیوای خواست کە ئەم داتابەیسە سەرجەم ئەو کێشانەی رابردوو چارەسەر بکات.

پاشان لە لایەن بەرێوبەری ئامار و بانکی زانیاری سەرۆکایەتی زانکۆ مامۆستا سالار دلاوەر بە وردی باسی لە سوود و ئامانجەکانی پرۆسەکە کرد هەروەها باسی لە چۆنیەتی بەکارهێنان و هەڵگرتنی زانیاری کرد لە داتابەیسەکەدا و شێوازی بەردەست بوونی زانیاریەکان لە وێبسایتی زانکۆی بۆ ئامادەبووان رونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد دوای ناساندنی داتابەیسەکە وۆرکشۆپێک بۆ بەرپرسانی ئامار لە کۆلێژ و پەیمانگەکان بەرێوەدەچێت.

دواتر لە لایەن بەرپرسی داتابەیسی ئاماری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک لە هۆڵی سیمنارەکان بەرێوەچوو بە بەشداری گشت بەرپرس و نوێنەری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان، تیایدا شێوازی کارکردن لە داتابەیسەکە بۆ بەشداربووان رونکرایەوە و هەریەکەیان بە شێوەی پراکتیکی کاریان لەسەر کرد

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ دەهێنێت

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 15ـی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ کۆتایی بە خولی فریاگوزاری سەرەتایی هات کە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرابوویەوە.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشی لە بەرێوبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ کرد بۆ بەرێوەبردنی خولەکە بە سەرکەوتوویی.

خولەکە بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو لە 7/2/2022 تاکو 15/2/2022 ، بە سەرپەرشتی بەرێوبەری هونەری پێشکەوتوو مجاهد فاتح محمـد، کە ئامانجەکەی بریتی بوو‌ له‌ شاره‌زابوونى به‌شداربووان ده‌رباره‌ى فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایى به‌ گوتنه‌وه‌ى وانه‌ى تیۆرى و پراكتیكى وەک پاراستنی گیانی توشبوو له‌ مردن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌ تایبه‌تی له‌كاتی شپرزه‌ییدا، جێگیكردنی باری ته‌ندروستی توشبوو، كه‌مكردنه‌وه‌ى ئێش وئازار، گواستنه‌وه‌ى توشبوو به‌ زووترین كات به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ نزیكترین بنکه‌ى ته‌ندروستی.

دوای کۆتایی هاتنی خولەکە بەسەرکەوتوویی مەراسیمی دابەشکردنی بروانامەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بەرێوەچوو

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی (ئی سی ئۆ)ـی هۆڵەندی خولێک بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق بەرێوەدەبەن

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 13ـی شوباتی 2022 لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و راگری پەیمانگەی تەکنیکی خەبات مامۆستا سۆران ذنون یاسین و نوێنەرانی رێکخراوی (ئی سی ئۆ)کوسوڵی هۆڵەندی مەراسیمی کردنەوەی خولی کشتوکاڵی لەژێر ناونیشانی (پرۆگرامی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق) بەرێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی رێکخەرانی خولەکە و رێکخراوە هۆڵەندییەکە و پەیمانگەی تەکنکی خەباتی کرد، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لەم خولانە کرد کە لە بواری کشتوکاڵی سوودیان هەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتمان پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستێت کە بەداخەوە لە ئێستادا گرنگییەکی ئەوتۆ بە کشتوکاڵ نادرێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لە ئەرکی زانکۆکان کرد بۆ دروست کردنی کادری ناوەندی لە بازاڕی کار بۆ بوارەکە و گرنگیدان بە بەشە کشتوکاڵییەکان.

خوولەکە بە هەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی (ئی سی ئۆ)کوسوڵی هۆڵەندی بەڕێوە دەچێت بۆ، ماوەی 5 ڕۆژ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆ بەردەوام دەبێت بەبەشداری 25 کەس لە ئەندامانی لێژنەی تایبەت و تەکنیکارانی بەشە کشتوکاڵیەکانی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی کۆتایی بە خولێک دەهێنن

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 13ـی شوباتی 2022 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لەبەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان، لە مەراسیمێکدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولی زمانی ئینگلیزی و بزنس.

خولەکە بە سەرپەرشتی مامۆستایانی زانکۆمان بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو لە رێکەوتی 1ـی نۆڤەمبەر تاکو 30ی دیسەمبەری 2021 کە بۆ ژمارەیەک لە قوتابیانی پەنابەر و فێرخوازانی ئامادەیی و دەرەوەی زانکۆ کرابوویەوە و بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کۆتایی پێهات، وە لەمەراسیمێکدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووان