Author Archives: admin

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک دەربارەی وەرزش و تەندروستی مرۆڤ بۆ پ.ی.د. تحسین شێروانی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 22ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ پ.ی.د. تحسین علی إسماعیل، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری وەرزش، رێکخست لەژێر ناونیشانی (وەرزش و تەندروستی مرۆڤ).

لە دەستپێکی سیمنارەکەدا د. تحسین شێروانی باسی لە گرنگی وەرزش و چۆنیەتی ئەنجامدانی بەشێوەیەکی دروست کرد و کاریگەری وەرزشی لەسەر سیستەمی بەرگری و سوڕی خوێن و کردارەکانی هەناسەدانی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

لە بەشێکی دیکەی سیمنارەکە باسی کاریگەری وەرزشی کرد لە کەمکردنەوە یاخود نەهێشتنی قەڵەویدا کرد و باسی لە هاوکێشەیەک کرد کە لەرێگەیەوە دەتوانرێت هاوسەنگی لە نێوان کێشی لەش و باڵادا بزانرێت، هەروەها ئەو پسپۆڕەی بواری وەرزش فۆرمێکی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد کە چەندین پرسیاری تێدا بوو دەربارەی شێوازی ژیان و خواردن و وەرزش و کارکردن و کاریگەرییەکانی باری دەرونی لەخۆ گرتبوو، کە لە رێگەیەوە هەرکەسێک دەتوانێ ئاگاداری باری تەندروستی بێت و بزانێت پێویستی بە چ جۆرە راهێنان و سیستەمێکی خۆراکییە تاکو لەش و لارێکی رێک و تەندروستی هەبێت.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن د. تحسین علی إسماعیل بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە پ.ی.د. تحسین علی

إسماعیل و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە

ڕیزبەندى باشترین مامۆستاکانی کۆلێجی ئەندازیاری شارستانى لەسەر ئاستى کوردستان بەپێی سایتەیشنی سکۆپەس

بە گوێرەى داتابەیسى نێودەولەتى سکۆپەس کە کە یەکێکە لە برواپێکراوترین داتابەیسەکانى جیهان، پێنج لە مامۆستاکانى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر لە لیستى توێژەرە یەکەمەکانى کوردستانن لە رووى سایتەیشنەوە کە بە هۆى بلاوکردنەوەى توێژینەوەى ئاست بەرزەوە بە دەستیان هێناوە لە بوارەکانى ئەندازیارى شارستانى.
وە ئەوەى جێگاى ئاماژە پێکردنە، سایتەیشنى خود (سێڵف سایتەیشن) وەرنەگیراوە، بەو جۆرەش پۆلینکردنەکە زۆر متمانەپیکراوتر بووە. بۆ دلنیا بوون لە داتاکان، لینکى سکۆپەس بۆ هەریەک لە توێژەرەکان لە خوارەوە دانراوە.

١. ربزبەندى یەکەم: د. رەوەز محمد سلیم کوردە (٨٩٠ سایتەیشن)
٢. ریزبەندى چوارەم: د. هەورین حسن أحمد (٥٤٧ سایتەیشن)
٣. ریزبەندى هەشتەم: د. ڕوشن عثمان علی (٣٠٧ سایتەیشن)
٤. ریزبەندى یازدەم: د. گەنجینە جلال مدحت (٢١٠ سایتەیشن)
٥. ریزبەندى شازدە: د. خلیل حسن یونس (١٤٢ سایتەیشن)

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێک دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رێکدەخات

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 16ـی شوباتی 2022 لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاو و بەرێوبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رەحمان خانی، سەنتەری توێژینەوە زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ رێکخست.

سیمپۆزیۆمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد دواتر بەرێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. هێمن کاکەخان عەوڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی کرد لە بەرپرسان و پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکە و مامۆستایانی زانکۆ، هەروەها کورتە باسێکی لە کێشەکانی ئاو و ئەو هۆکارانە کرد وای کردووە ئەم سیمپۆزیۆمە ئەنجام بدرێت ئەویش.

دواتر دەستکرا بە پێشکەش کردنی پانێڵەکان لە لایەن پ.ی.د. داود رسول مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی خەبات:

بەشی یەکەمی پانێڵی یەکەم پ.ی. د. عبدالله عمر یاسین بەرپرسی پەیوەندییە کەلتوورییەکان لە بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، پرێزنتەیشنێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی (مەترسییەکانی کەم ئاوی لەسەر کۆچی ناوخۆیی لە عێراق) کە تیایدا بەوردی باسی لە کاریگەری کەم ئاوی لەسەر دیاردەی کۆچکردن لە عێراق و جیهان کرد کە بە هۆی کەمی یاخود زۆری باران بارین خەڵکی لە جیهاندا ناچار دەبن کۆچ بکەن، هەروەها چەندین داتا و پێشبینی و توێژینەوەی دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دەرباری کێشەی کەم ئاوی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی و جیهان خستەروو.

لە بەشی دووەمی پانێڵی یەکەمدا پ.د. طارق حەمەکریم مامۆستا لە بەشی خاک و ئاو لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین پرێزنتەیشنێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی (پێشبینی بڕی باران وەکو ئامرازێک بۆ داڕشتنی پلانی بەرێوەبردنی ئاو لە ئایندەدا) بە گرنگییەوە باسی لەوە کرد کە پێویستە لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەین وە زۆر گرنگە پلانمان هەبێت بۆ بەرێوەبردنی سامانی ئاو بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ژینگە و وڵاتمان بکەوێت.

لە بەشی یەکەمی پانێڵی دووەمدا ئەندازیار رەحمان خانی بەرێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بابەتێکی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی (چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت بۆ سامانی ئاو) تیایدا ستراتیژیەت و سیاسەتی حکومەتی بۆ سامانی ئاو بە وردی خستەروو هەروەها بە زانیاری پشتراستکراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئا، باسی لە کێشە و گرفتەکانی کەمی ئاو لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای بارینی باران لە کوردستان کە ئەویش هۆکارەکەی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیان کە بەنداویان لەسەر هەردوو زێی گەورە و زێی بچووک دروست کردووە، لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا ئەندازیار رەحمان خانی باسی لەو بەنداوانە کرد کە حکومەت لە بەرنامەیدایە دروستیان بکات بە لەبەرچاوگرتنی پێویستترینیان بۆ ئەوەی بتوانن بە رێژەیەکی زیاتر کەڵک لە باراناوی وەرزی زستان و بەهار وەربگیرێت.

لە کۆتا بەشی پانێڵی دووەمدا پ.ی.د. جیهان محمد فتاح سەرۆکی بەشی سەرچاوەکانی ئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (کۆکردنەوەی ئاوی باران) پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە رێگاکانی گلدانەوەی ئاوی باران کرد کە هەندێکیان تێچوویان زۆرە و هەندێکیشان تێچوویان کەمە، هەروەها باسی باشترین رێگاکانی گلدانەوەی ئاو کرد کە وڵاتان سوودی لێوەردەگرن.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و بەوردی لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵام درانەوە، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرد بۆ رێکخستنی سیپۆزیۆمەکە و هەروەها زۆر سوپاسی بەرێوبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ رەحمان خانی و پسپۆڕان و مامۆستایانی بوارەکە کرد بۆ ئەو زانیاری و گفتوگۆ و پێشنیارانەی کە پێشکەشیان کرد چونکە ئاو لە ئێستا و داهاتووشدا چەکێکی کاریگەرە بە دەست وڵاتانەوە لە دژی یەکتر بەکاری دەهێنن.

دواتر بە بەخشینی بروانامەی رێزلێنان بە پانێڵیستە بەرێزەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە کۆتایی بە کارەکانی

سیمپۆزیۆمەکە هات

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی مەساریکی چیکی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

رۆژی 14ـی شوباتی 2022 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی سەردانی زانکۆی مەساریکی لە وڵاتی چیک کرد و لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ناوبراوەوە پێشوازییان لێکرا.

لە چەند دیدارێکی جیادا لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ناوبراو برێتزلاڤ دانکاک، بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جان پاڤلیک و بەرپرسی ستراتیژی و بازرگانی ڤیۆلیتا ئۆسۆ چوڤا رێکەوتن و گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەت کرا وەک:

پێدانی دەرفەت بۆ قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ وەرگرتنی ئینتێنسڤ کرۆس لە ماوەی پشووی هاوین بۆ ماوەی دوو هەفتە لە زانکۆی مەساریک.

پێدانی دەرفەت بۆ قوتابیان لەسەر بەرنامەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لەرێگای پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەس یان بە ڕێکەوتنی هەردولا بۆ خوێندنی یەک سیمستەر لە هەندێ بوارەکانی هاوبەش وە پێدانی بەلگەنامەی خوێندن بە قوتابیان کە هاوپێچ دەکرێت لەگەڵ دبلۆما سەپلیمێنت،

پێک هێنانی گروپی توێژینەوەی هاوبەش بۆ توێژەرانی هەردوو زانکۆ لە هەندێ بوارەکانی هاوبەش بەتایبەتی بوارەکانی پزیشکی و تەندروستی بەهۆی هەبوونی تاقیگای پێشکەوتوو لە زانکۆی مەساریک لە بوارەکانی پزیشکی و تەندروستی.

هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو زانکۆ لە کاتی ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی و سیمپۆسیۆم و دەعوەت کردنی کینۆت سپیکەر.

پێشکەش کردن بۆ وەرگرتنی فەند لەسەر بەرنامەکانی ئیراسمۆس پلاس بەشێوەی شەراکەت لە نێوان هەردوو زانکۆ

لە کۆتاییشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا لە نێوان هەردوو زانکۆ کە ئەو خاڵانەی سەرەوە و هەندێ خاڵی دیکەش لە خۆ دەگرێت