یادی 126 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024 ، بەبۆنەی 126 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، کۆلێژی تەکنیکی سۆران لە هۆڵی کۆنفرانسی کۆلێژ مەڕاسیمێکی تایبەتی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە سازکرد.

مەڕاسیمەکە، کە بەئامادەبوونی ( هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران )، ( پ.د شێروان شەریف قورتاس سەرۆکی زانکۆی سۆران ) و نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بەرپرسانی حکومی و حزبی دەڤەری سۆران بەڕێوەچوو، هەریەک لە ( پ.ی.د سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران )، ( هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ) و ( هەژار ئیبراهیم کارگێری نووسیگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان) وتاریان پێشکەشکرد، کۆی وتارەکان لەبازنەی بەهای کاری ڕۆژنامەوانی دەخولانەوە.

لە چوارچێوەی ئەم مەڕاسیمە ڕێز لەو دەرچوانەی کۆلێژ نرا کە ئێستا لە دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەوانییەکان کاردەکەن، لە هەمانکاتدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کۆلێژ کە لەو خولە ڕۆژنامەوانییە بەشداربوون، کە کۆلێژ بە هاوبەشی لەگەڵ نوسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕۆژانی 16 و 20ی نیسان بۆماوەی 10 کاتژمێر بۆی کردبوونەوە.

لە درێژەی مەڕاسیمەکە پیشانگایەک بۆ گۆڤار و بڵاوکراوەکانی سۆران لە نێوان ساڵانی 1991-2003 و پۆستەری قوتابییانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان کە بە چاودێری (د. پشتیوان ئەسعەد) ئامادەکرابوون کرایەوە.