پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی رێکدەخات
رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی رێکدەخات بەهاوبەشی لەگەڵ پۆرتڤلکۆلیجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی: “وانەوتنەوە و تەکنەلۆژیا لە سەدەی بیست و یەکدا: دەرفەت و ئاستەنگەکان.”
لەم سیمپۆزیۆمەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی پەرەسەندنی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوی پەروەردەکاران دەبنەوە. هەروەها خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەی کە تەکنەلۆژیا فەراهەمی کردوون بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی وانەوتنەوە و ئەزموونی فێربوون لە سەردەمی مۆدێرندا، کە هەموو ئەوانەی سەرەوە لە دوو تەوەردا باسدەکرێن ئەوانیش:
یەکەم/ پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانمان و گونجاندنی لە پڕۆسەی وانەوتنەوە لە سەدەی بیست و یەکدا.
دووەم/ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی وانەوتنەوە لە قۆناغی تەکنەلۆژیادا، گۆڕینیان بۆ دەرفەت.









