پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری دهۆک بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی کۆتایی هەردوو خولی رێبەری گەشتیاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان.
لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکەدا کە بۆ فەرمانبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک بە هاوکاری رێکخراوی کارگوزاری نێودەوڵەتیی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و پاڵپشتی یەکێتیی ئەورووپا کرابوویەوە، هەریەک لە جێگری پارێزگای دهۆک و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و بەڕەێوەبەری شوێنەواری دهۆک و نوێنەرانی رێکخراوی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتەیەکی پێشکەش کرد.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە گوتەکەیدا دوای خۆشحاڵی دەربڕین بە ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا، تیشکی خستە سەر ئەرکی زانکۆ لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و گوتی: “سەرەڕای پێشکەشکردنی مەعریفە و ئەنجامدانی توێژینەوە زانستی، هاوکات ئەرکی زانکۆیە کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروفتەکانی و رۆڵی کاریگەر بگێڕێت لە پێشخستی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئاسایشدا”.
دواتر هەریەک لە جێگری پارێزگاری دهۆک و نوێنەری رێکخراوەکانی بەشداربووی رێوڕەسمەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک لە گوتاری جیاجیادا دەستخۆشییان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.
شایانی باسە هەریەک مامۆستایانی بەشی کارگێری دەزگاکانی گەشتیاری لە پەیمانگای تەکنیکی هەولێر پ.ی.د.عەفاف یوسف نوری و م.فەخرەدین ئەحمەد عەزیز و مامۆستایانی کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر م.سۆران بولص بطرس و م.مەریوان صابر خالد وەک راهێنەری سەرەکی بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی خولەکان و بۆ ئەمەش سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی دەستخۆشی لێکردن و سوپاسی کردن.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکەدا دابەشکرا کە ژمارەیان ٣٥ کەس بوو کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەشێوەی تیۆری و کرداری بەردەوام بوو.