رۆژی سێ شەممە 14ـی نۆڤەمبەری 2023، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، کارگێڕی و قوتابییان، مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ، خاتوو شیرین خالید بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئایندە و راگری هەردوو کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کارگێڕی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ یاریگایەکی تۆپی پێی بچووککراوە لە نێو کامپی دووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە.
ئەم یاریگایە لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی قوتابییان و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆیان بنیات نراوە و خەرجی دروستکردنەکەشی لەسەر داهاتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دەبێت، کە قوتابییان و مامۆستایانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر سوودمەند دەبن.
جێگای ئاماژەیە یاریگای کەمپی یەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ماوەی چەند ساڵێکە کراوەتەوە لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، ئەو یاریگایە وەرزشیەش بۆ قوتابیان و مامۆستایانی پەیمانگەی ناوبراوە، هاوکات یاریگای سێیەمیش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
دوای مەراسیمی کردنەوەی یاریگایەکە، یارییەکی دۆستانە لە نێوان قوتابییانی هەردوو کۆلێژ بەرێوەچوو، یەکەم تۆپی یاریگا لە نێوان هەردوو ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر جولێنرا.