Monthly Archives: ئه‌یلول 2023

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەی بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابیان بەڕێوەچوو

بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024، رۆژی چوارشەممە 6ـی ئەیلولی 2023، به‌ ئاماده‌بوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هه‌ركی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابییان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە پ.ی.د. نه‌جیب تۆما بتۆ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی و سەرۆکی لێژنەی بۆلۆنا پرۆسێس، مامۆستا پاکستان محەمەدئەمین راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پ.ی.د. سه‌رسام خەلیل شوانی بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، سەرۆکی لێژنەی (ECTS) و لێپرسراوی تۆماری گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان ئامادەیبوون، سیمنارێک لە لایەن مامۆستا بەڵێن عبدالقادر عثمان لێپرسراوی هۆبەی تۆماری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و م. یاد هۆشیار و م. محمود جبار سه‌باره‌ت به‌ سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی قوتابیانی زانکۆمان به‌ڕێوه‌چوو.

لە سیمنارەکەدا بە وردی چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکانی تۆمارکردنی قوتابییان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ ئامادەبووان روونکرایەوە، شیاوی باسە بە ئامادەکردن و تەواوبوونی ئەم سیستەمە کارئاسانییەکی زۆر بۆ قوتابییان و ستافی زانکۆ دەکات لە تۆمارکردنی قوتابییان کە بڕیارە بۆ ئەم ساڵی خوێندنی 2023-2024 بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بە میوانداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولی ڕاهێنانی متمانە بەخشینی دڵنیایی جۆری زانکۆکانی کوردستان بەڕێوەچوو

رۆژی سێشەممە 5ـی ئەیلولی 2023، بە ئامادەبوونی پ.ید. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، پ.ی.د. محەمەد ئەحمەد کەلاری سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵا پ.ی.د. صباح وەیس و پ.ی.د. ئەمیر چالی، خولی ڕاهێنانی متمانە بەخشینی دڵنیایی جۆری لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی خولەکەدا پ.د.ئیدریس محمد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکشە کرد ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

“بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەڕێزان ڕاوێژکاران و بەرێوەبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانکۆو مامۆستایانی بەڕێزو قوتابیانی خۆشەویست زۆر بەخێربێن.

ئێمە وەکو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵین ئەمڕۆ جارێکی تر لەبەرنامەیەکی گرنگ بەرنامەیەکی تایبەت بەدڵنیایی جۆری بەهاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو دەزگای Nvaoی هۆڵەندی میوانداری ئەو مامۆستاو قوتابییە بەڕێزانە دەکەیین لەهەندێک لەزانکۆکانی کوردستان بۆ‌ئەو بابەتە کەبابەتی دڵنیایی جۆرییە.

بەڕێزان : بابەتی دڵنیایی جۆری زۆرباسی لێوەدەکرێت و دەستەواژەیەکی زۆر گرنگە و زۆریش دووبارە دەبێتەوە، بابزانین دڵنیایی جۆری گرنگی لەچیدایە و بۆچی زۆر گرنگە؟، لەڕاستیدا دڵنیایی جۆری پایەیەکی بنەڕەتییە لەمۆدێلی بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو لەهەر بوارێکدا، چ لەبواری پەروەردە و ئەکادیمی بێ یان لەبواری بازرگانی، تەندروستی یان هەر بوارێکی تردابێت، بۆیە بەرنامەی دڵنیایی جۆری لەهەموو وڵاتانی جیهان گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت، لەبواری خوێندنی باڵاش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دڵنیایی جۆری ستانداردی تایبەتی خۆشی هەیە، ئەو ستانداردانە لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر لەدەزگایەکەوە بۆ دەزگایەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو بەرنامانەیە کە دڵنیایی جۆری لەسەر بەرێوەدەبرێت، هەروەها بتوانین سوود لەئەزموونی وڵاتانی ڕۆژئاواش وەربگرین ، دەستخۆشی لەوەزارەتی خوێندنی باڵاش دەکەم بۆ دانانی ئەو بەرنامە و پڕۆگرامە بەهاوکاری ئەو دەزگا هۆڵەندییە ، کەبەکارێکی شایستە و پێویستی دەزانم بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان”.

“بەرنامەی دڵنیایی جۆری لە ئێستادا زانکۆکانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگی پێدەدەن، ئەوەی لەوەش گرنگترە پێویستی هۆشیاری دڵنیایی جۆریمان هەیە، بەڕاستی زۆر لەقوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش تائێستا لەگرنگی دڵنیایی جۆری تێنەگەیشتوون، بۆیە بەڕای ئێمە دوای ئەو خولە ئێوەی بەڕێز پشتیوان بە خودا دەبنە مامۆستای دڵنیایی جۆری لەناو ناوەندەکانی خوێندن و ناوەندەکانی زانکۆ و دەزگاکانی خوێندنی باڵا، چونکە ئێمە پێویستمان بەهۆشیاری دڵنیایی جۆریش هەیە، ئومێد دەکەین ئەو خولە ببێتە بنەڕەتێکی باش بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی بواری دڵنیایی جۆری و بتوانین زیاتر گرنگی بەو بوارە بدەیین، چونکە دەزانین چەند گرنگی بەدڵنیایی جۆری بدرێت ئەوەندە دەتوانین ئاستی خوێندن و ئاستی دەرچووان و ئاستی فێربوونی قوتابیان لەناو ناوەندەکانی خوێندن باشتربکەین، دەتوانین متمانەی زیاتری هەم کۆمەڵگا و هەم دەرەوەش بەدەست بهێنین کە کواڵێتی خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان لەئاستێکی بەرزدایە، بەهیوای سەرکەوتن بۆ ئەو خولە و دووبارەبوونەوەی و بەردەوام بوونی، دووبارە بەخێرهاتنتان دەکەم و بەخێرهاتی ئەو ستافەش دەکەین لە کە هۆڵەنداوە هاتوون”.

لە رۆژی یەکەمی خولەکە بە شێوەیەکی چڕ و پڕ بابەتەکانی پەیوەست بە دڵنیایی جۆری و ستانداردەکانی بە شێوەی تیم وۆرک بۆ بەشداربووان روونکرایەوە بە هەمان شێوە رۆژی دووەمیش بەرنامەی ئەجێنداکە تەواو کرا و کۆتایی بە خولەکە هێنرا.

ئەم خولە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو کە بۆ 7 زانکۆی کوردستان کراوەتەوە ئەوانیش: زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو سەلاحەدین، هەولێری پزیشکی، دهۆک، پۆلیتەکنیکی دهۆک، زاخۆ و سۆران، خولەکە بۆ ستافی دڵنیایی جۆری زانکۆکان و بەشێک لەقوتابیان لەلایەن ڕێکخراوی Nvaoی هۆڵەندی ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دوو پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆکانی هۆڵەندا بە ناوەکانی (Michele Wrea) و (Yvonne Overdevest) بەڕێوەچوو.

 

 

سەرۆکی زانکۆ چەند پرۆژەیەک لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر دەکاتەوە

رۆژی چوارشەمە 6ـی ئەیلولی 2023، پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.ی.د. نەجیب توما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر یان بەسەرکردەوە و لەلایەن ڕاگری پەیمانگە مامۆستا ئومێد ئەرشەد حەوێزی و مامۆستایان پێشوازییان لێکرا.

لە سەردانەکەدا پرۆژەی هۆڵە نوێیەکانی لێژنەی تاقیکردنەوە و تۆمار و بەشی سڕکردنییان کردەوە، کە لە ماوەی رابردوودا نۆژەنکرابوونەوە و پێداویستی و ئامێری نوێی پزیشکیان بۆ دابین کرابوو بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی قوتابیان بەباشترین شێوازی زانستی.

هەر لەو سەردانەدا سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری کافتریای پەیمانگەیان بەسەرکردووە.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی (ئێن.ڤی.ئەی.ئۆ) دەکات

رۆژی دووشەممە  4ـی ئەیلولی 2023، پ.د. ئیدریس محمد تاهیرر هەرکى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر پێشوازى کرد لە هەردوو خاتوو (Michele Wrea) و (Yvonne Overdevest) لە رێکخراوى (NVAO)ـی هۆڵەندى کە تایبەتە بە متمانە بەخشین بە پرۆسەى دڵنیاى جۆرى لە زانکۆکان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە پ.ى.د. نجیب تۆما بتۆ یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و پ.ى.د. رەنج سیروان عبدالله بەرێوەبەرى پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان و م. کمال محمد عبدالله بەرێوەبەرى دڵنیایی جۆرى و م.سەرمند حمید نصرالدین بەرێوەبەرى کارگێرى ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا دەربارەى پرۆسەى دڵنیایی جۆرى وە چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى کەلتورى کوالیتى زانکۆکان.

سەردانی شاندی ناوبراو بۆ هەولێر بۆ ئەنجامدانی خولێکی راهێنانە بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی دڵنیایی جۆری زانکۆکانی کوردستان کە بە میوانداری سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەدەچێت.