بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەی بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابیان بەڕێوەچوو

بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024، رۆژی چوارشەممە 6ـی ئەیلولی 2023، به‌ ئاماده‌بوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هه‌ركی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابییان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە پ.ی.د. نه‌جیب تۆما بتۆ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی و سەرۆکی لێژنەی بۆلۆنا پرۆسێس، مامۆستا پاکستان محەمەدئەمین راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پ.ی.د. سه‌رسام خەلیل شوانی بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، سەرۆکی لێژنەی (ECTS) و لێپرسراوی تۆماری گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان ئامادەیبوون، سیمنارێک لە لایەن مامۆستا بەڵێن عبدالقادر عثمان لێپرسراوی هۆبەی تۆماری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و م. یاد هۆشیار و م. محمود جبار سه‌باره‌ت به‌ سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی قوتابیانی زانکۆمان به‌ڕێوه‌چوو.

لە سیمنارەکەدا بە وردی چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکانی تۆمارکردنی قوتابییان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ ئامادەبووان روونکرایەوە، شیاوی باسە بە ئامادەکردن و تەواوبوونی ئەم سیستەمە کارئاسانییەکی زۆر بۆ قوتابییان و ستافی زانکۆ دەکات لە تۆمارکردنی قوتابییان کە بڕیارە بۆ ئەم ساڵی خوێندنی 2023-2024 بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.