قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە خولێکی هۆشیاری ژینگەیی دەکەن

رۆژی پێنچ شەممە 31ـی ئابی 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە مەراسیمێکدا رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە، کۆتایی هێنا بەخولێکی دوو مانگەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، کە قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێری سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تیایدا بەشداربوون.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا کە هەریەکە  لە پ.ی.د. نەجیب توما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆژی هەولێر و سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان د. عەبدولڕەحمان سدیق و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی و حکومی ئامادەیبوون، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ئاسۆ شکاک بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەکە کرد و ستراتیژییەتی کارەکانی رێکخراوەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

قوتابییان لەم خولەدا بەهەردوو شێوازی تیۆری و کردەنی بەشداربوون تیایدا و لەلایەن 30 مامۆستای ژینگەیی وانەیان پێ گوترایەوە بۆئەوەی لە داهاتوودا رۆڵی خۆیان ببیین لە پاراستنی سەوزایی و پاکی کوردستان.

ئەم خولەی رێکخراوەکە بەهاوکاری سەنتەری ئاڵا و بەسەرپەرشتی فەرمانگەی ریکخراوە ناحکومییەکان و بەهاوکاری بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بەرێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکان، بەرێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر، فەرمانگەی ژینگەیی هەولێرو ڕێکخراوی بیابانی سەوز بەرێوەچوو.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا بڕوانامەی رێزلێنان لە لایەن پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و ئامادەبووانی دیکەوە بەخشرایە قوتابییانی بەشداربوو.